سیناتۆرێکی ئەمەریکا بۆ ناتانیاهۆ: واز لە کوشتنی خەڵکی بێتاوان بێنن

K24 - هەولێر

بێرنی ساندەرز، سیناتۆری ڤێرمۆنت و کاندیدی پێشوو بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، پەیامێکی ئاراستەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و گوتی: "واز لە کوشتنی خەڵکی بێتاوان بێنن"!.

بێرنی ساندەرز، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ " MSNBC"پەیامێکی بۆ ناتانیاهۆ نارد و گوتی: واز لە کوشتنی خەڵکی بێتاوان بێنن! دوو لەسەر سێی خەڵک کوژراون، زیاتر لە 32 هەزار کەس کوژراون لە غەززە، کە زۆری "ئافرەت و منداڵن. ئەمە لێخۆشبوونی بۆ نییە"، گوتەکەی ساندەرز، ڕۆژێک دوای کوژرانی حەفت کارمەندی فریاگوزاری ڕێکخراوێکی ئەمەریکی دێت لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر غەززە.

ساندەرز جەختیشی کردەوە، "ئەوەی ئێستا لە غەززە ڕوودەدات یەکێکە لە خراپترین کارەساتەکانی مرۆیی لە مێژووی جیهانی مۆدێرن. ئێمە باس لە ئەگەری ئەوە دەکەین کە سەدان هەزار منداڵ و کەسانی دیکەش بەهۆی برسێتیەوە بمرن"، دەشڵێت: "ئەوەیە دۆخەکە". ڕاستە حەماس ئەو لایەنە کە ئەم شەڕەی دەستپێکردووە، بەڵام ئایا ڕاستە، ئەوەی ئیسرائیل لە ئێستادا دەیکات تەنها شەڕکردن لەگەڵ حەماس نییە، بەڵکو شەڕکردنە دژی هەموو گەلی فەڵەستین".

ساندەرز ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە باس لە 70%ی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە غەززە دەکەین کە وێرانبوون یان زیانیان بەرکەوتووە، باس لە یەک ملیۆن و 800 هەزار کەس دەکەین کە ئاوارە بوون و لە ماڵەکانیان دەرکراون، ئێمە باسی ئەو کەسانە دەکەین کە ئەمڕۆ خۆراکیان نییە". وەک،  ئاو، پێداویستی پزیشکی، یان سووتەمەنی"، "شتێکی ترسناکە، ئەوە لێخۆشبوونی بۆ نییە" دەبێت ئێستا کۆتایی بێت. هەروەها ئەمەریکا ناتوانێت بەردەوام بێت لە هاوبەشیکردن لەو ترسناکییەی کە ئێستا ڕوودەدات.

ساندەرز پێی وابوو، "ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەدوای حەماسدا بگەڕێت، کە ئەم شەڕەی دەستپێکردووە، بەڵام ئیسرائیل مافی ئەوەی نییە دۆخێک دروست بکات کە تێیدا ڕێگری لە هاتنی هاوکارییە مرۆییەکان بکەن بۆ غەززە، ئەنجامەکەی ئەوەیە کە منداڵان لە برسێتیدا دەمرن. دەشڵێت: "ئایا ئێمە دەمانەوێت هاوبەش بین لەوەدا؟" وەڵامەکە، بە بڕوای من، ئەوەیە کە زۆربەی ئەمەریکییەکان نایانەوێت هاوبەش بن.