سوپای ئیسرائیل: کوشتنی کارمەندەکانی ڕێکخراوی "WCK" بەهەڵە بووە

وێنەی پاسپۆرتی کارمەندە کوژراوەکان
وێنەی پاسپۆرتی کارمەندە کوژراوەکان

K24- هەولێر

سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، هێرتسی هالیڤی ڕایگەیاند، بەئامانجگرتنی تیمی فریاگوزاری "وۆرڵد سەنتەر کیچن" بە دڵنیاییەوە بە "هەڵە" بووە.

ئەفیخای ئەدەرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پلاتفۆڕمی ئێکس گرتە ڤیدیۆیەکی هێرتسی هالیڤی بڵاوکردەوە کە قسە لەسەر ڕووداوی کوشتنی کارمەندانی "WCK"  دەکات و دەڵێت: "ئەو ڕووداوە ترسناکە، لە ئەنجامی هەڵەیەکەوە ڕوویداوە، کە لە دەستنیشانکردنی ناسنامەی ئەوکەسانەدا کراوە، هەروەها ئێمە لێکۆڵینەوە دەکەین و وانەی لێوەردەگرین".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی بەرگری بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکە کاری کردووە، کە لە ئێستادا کاری گرنگ دەکات.

هالیڤی گوتیشی: "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانمان تەواوکردووە لەسەر ڕووداوەکە، بۆیە دەڵێم: ئێمە بە ئەنقەست کارمەندانی " WCK"مان نەکردووەتە ئامانج".

 هالیڤی ڕوونی کردەوە: ئەم هێرشە هەڵەیەکی گەورە بووە، بەو پێیەی ئیسرائیل شەڕ لە دژی حەماس دەکات و دژی خەڵکی غەززە نییە.

ڕاشیگەیاند، "ئێمە پەشیمانین لە کوشتنی بێ مەبەستی کارمەندانی WCK و لە دڵەوە سەرەخۆشی خۆمان بۆ خێزانەکان دەنێرین، هەروەها بۆ تەواوی ڕێکخراوەکەش".

دوێنێ سێشەممە، ڕێکخراوی "WCK"، کوژرانی حەفت کارمەندی ڕێکخراوەکەیانی لە کەرتی ڕاگەیاند کە ئیسرائیل بۆردومانی کردوون،  ڕاشیگەیاند، کارمەندەکان خەڵکی ئوسترالیا، بەریتانیا، پۆلەندا، کەنەدا، ئەمەریکا و فەڵەستینن و دوای ئەو ڕووداوەش، تەواوی کارە مرۆییەکانیان لە کەرتی غەززە ڕاگرت.