سیپان شێروانی: خۆبەدەستەوەنەدانی حکوومەتی هەرێم دەرئەنجامی باشی هەبوو

K24 - هەولێر

سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: هەندێک لایەن پێیان وابوو دەبێت خۆبەدەستەوە بدەین، بەڵام ئەو خۆبەدەستەوەنەدانەی حکوومەتی هەرێم دەرئەنجامی باشی هەبوو.

سیپان شێروانی گوتیشی: وەک دەبینی ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیار دراوە مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەش ڕەوانە بکرێت، هەروەها ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت مووچەی دواکەوتووی مانگی سێ زوو دابەش بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانیین بگەینەوە بە دامودەزگا و وەزارەتەکانی حکوومەتی عێراق بۆ دابەشکردنی مووچە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر حکوومەتی عێراق هاوکار بێت سلفەی مانگی سێ بنێرێت، ئێمە پێش جەژن مووچەی مانگی سێ دابەش بکەین، ئەوکات دەتوانی مووچەی مانگی چوار "نیسان" لەگەڵ عێراق پێکەوە دابەش بکەین.

جەختیشی کردەوە، ئەو شاندەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ چووەتە بەغدا باس لە پڕۆژەی هەژماری من دەکەن و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، گوتیشی: لە عێراق هیچ دڵنیاییەک لەسەر ناردنی مووچە نییە، کێشەی ئێمە لە عێراقی نوێدا ئەوەیە دەستوورێکی ڕێک و پێک هەیە ە پڕ بە پێستی وڵاتێکی فرە نەتەوەیی و فرە ئاینییە، بەڵام کێشەکەی ئەوەیە دەستوورەکە جێبەجێ نەکراوە.

شێروانی ڕاشیەگەیاند، لە دوای هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵی لە 25-3-2021، ئێمە ڕووبەڕووی کێشەیەکی دیکە بووینەوە، ئەویش لە قۆناغی جێبەجێ نەکردنی دەستوورەوە چووینە قۆناغی بەسیاسی کردنی دەستوور.