لێکۆڵینەوەیەک: هه‌ندێك وڵاتی دراوسێ هەوڵی لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی عێراق دەدەن
K24 - هەولێر
ناوه‌ندی ئیعتیماد بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌منی و ستراتیژییه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ندێك وڵاتی دراوسێ دژایەتی گەورەی سلكی سه‌ربازیی عێراق ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێت هاوتای سوپای ئەو وڵاتانە كێبڕكێی به‌هێزترین سوپا له ناوچه‌كه‌دا بكات.
ناوه‌ندی ئیعتیماد بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌منی و ستراتیژییه‌كان له عێراق ئاشكرایكردووه، ئه‌و هۆكارانه‌ی رێگری له پێشكه‌وتنی دۆسێی چه‌كداركردنی هێزه عێراقییه‌كان دەکەن، زۆرن و ساڵانێكه به پیلان كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت. له‌وانه به‌شێك له وڵاتانی دراوسێ و هێزی سیاسی له‌ناوخۆش بوونه‌ته به‌ربه‌ست له به‌رده‌م عێراقدا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی به چه‌كی پێشكه‌وتوو و نوێ نه‌گات، تاوەكو پێگه سه‌ربازیی و ئه‌منییه‌كانی گه‌شه بكات و سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌ی بپارێزێت.
له‌باره‌ی رێگرییه‌كانی به‌رده‌م پێشكه‌وتنی سیسته‌می سه‌ربازی و ئه‌منی، عیماد عه‌لو، لیوای خانه‌نشین و به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ئیعتیماد بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌منی و ستراتیژییه‌كان بۆچوونی وایه، دۆسیەی پڕچەککردنی هێزە عێراقییەکان بە یەکێک لە دۆسیە دیار و گرنگەکان داده‌نرێت كه په‌یوه‌سته بە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و شکۆمەندی دەوڵەت، بۆیه پرسی پڕچەککردن بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە و ئەم پرسە ناتوانرێت له حکوومەتی ئێستا كورت بكرێته‌وه، کە تەمەنی نزیکەی ساڵ و نیوێکە.
عیماد عه‌لو ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، دۆسیەی چەکداری لە ئەستۆی حکوومەتەکانی پێشوودایە، كه نه‌یانتوانیوه به‌باشی هه‌نگاوی بۆ بهاوێژن، بۆیه ئەم پرسه پەیوەندی بە ئیرادەی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە هەیە. له‌وانه هه‌ندێك وڵاتی دراوسێ دژایەتی گەورەی سلكی سه‌ربازیی عێراق ده‌كه‌ن، ئەمەش رێگری دەکات لە پێشخستنی چەک بە شێوەیەک کە وڵاتەکە بتوانێت هاوتای هێزی چەکداری سوپای ئەو وڵاتانە كێبڕكێی به‌هێزترین سوپا له ناوچه‌كه‌دا بكات.
ناوه‌ندی ئیعتیماد ئاشكرایكردووه، دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق، جۆری چه‌ك به‌تایبه‌تی چه‌كی هێرشبه‌ری دوورمه‌دوا و مووشه‌كی بالیستی و هێزی ئاسمانی بۆ عێراق سنوورداركراوه. خاڵی بنه‌ڕه‌تی ئه‌م پرسه ئه‌وه‌یه، زۆرێك له هێزه سیاسییه‌كانیش له‌ناوخۆدا دژی پڕچەککردنی سوپای عێراق بوون بەو چەک و کەرەستانه‌ی کە بتوانێت عێراق ببێتە خاوه‌ن سوپایەکی بەهێز و کاریگەر، كه توانای به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هەر ئاڵنگارییه‌كی ناوخۆیی و دەرەکی هەبێت.