سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا بۆ پشتیوانی فەڵەستین داوای کۆنفرانسێکی جیهانی دەکات

K24 - هەولێر

سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا داوای ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی جیهانی دەکات بۆ یەکخستنەوەی هەردوو دەسەڵاتی کەناری رۆژئاوا و غەززە لەژێر دەسەڵاتدارێتی فەڵەستیندا.

پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ڕایگەیاند، پێویستە کۆنفڕانسێکی جیهانی بکرێت بۆ یەکخستنەوەی هەردوو دەسەڵاتی کەناری ڕۆژئاوا و دەسەڵاتی غەززە فەڵەستین. جەخت لەوەشدەکاتەوە، دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ فەڵەستینییەکان دەکرێت کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکان بێت.

ئەو سەرۆکوەزیرانە ئاماژەی بەوەدا، بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پابەندکەرن و دەبێت ئیسرائیل شەڕ لە غەززە راگرێت.

پێدرۆ سانچێز گوتیشی: "رێکخستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی ئاشتی بەزووترین کات بۆ یەکخستنەوەی غەززە و کەناری رۆژئاوا لەژێر دەسەڵاتداری چاکسازیخوازدا بەگرنگ و پێویست دەزانین. ئێمە داننان بە فەڵەستین و ئیسرائیل پێکەوە لامان گرنگە، چونکە بە دەوڵەتناساندنی فەڵەستین فاکتەری سەرەکییە بەرەو ئامانجی دوو دەوڵەتی و چارەسەرکردنی کێشەکان."

هەروەها گوتیشی بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتووە، بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش پابەندەکەرەوە دەبێت بەپێی بڕیارەکە شەڕی غەززە رابگرێت.

رۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند ڕۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومان کرد کە بە هۆیەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیر کرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازاد کراون.