تەندروستی غەززە: لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا ئیسرائیل شەش کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە

K24 - هەولێر

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوان و بریندارانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەرزبووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی نیسانی 2024، وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ڕایگەیاند، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە ژمارەی کوژراوانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بۆ 33 هەزار و 668 کوژراو و 75 هەزار و 668 بریندار بەرزبووەتەوە.

وەزارەتەکە لە ڕاپۆرتی ئاماری ڕۆژانەی خۆیدا ڕایگەیاند، "ئیسرائیل لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا شەش کۆمەڵکوژی لە دژی خێزانەکانی کەرتی غەززە ئەنجامداوە، کە ئەویش 62 کوژرا و 91 برینداری نەخۆشخانەکان بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک قوربانی هێشتا لە ژێر داروپەردوو و لەسەر ڕێگاکانن و تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگری شارستانی ناتوانن بگەنە سەریان.

سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە بۆ 181هەمین ڕۆژی لەسەریەک، سەرەڕای ئەوەی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کردووە.

رۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند ڕۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومان کرد کە بە هۆیەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیر کرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازاد کراون.