بایدن داوا لە میسر و قەتەر دەکات فشار لە حەماس بکەن بۆ ڕێککەوتن لەسەر بارمتەکان

K24 - هەولێر

ئاژانسی ئاسۆشێتد پرێس، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمەریکاوە بڵاوی کردەوە، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی نامەیەکی بۆ سەرکردەکانی میسر و قەتەر نووسیوە و داوای لێکردوون فشار بخەنە سەر بزووتنەوەی حەماس بەمەبەستی ڕێککەوتن لەسەر مەسەلەی بارمتەکان لەگەڵ ئیسرائیل.

ئاژانس فرانس پرێس پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو، بڕیارە ویلیام بێرنزی بەڕێوەبەری "سی ئای ئەی" ئەمەریکا بگاتە قاهیرە و بەشداری لە دانوستانەکانی ئازادکردنی بارمتەکانی کەرتی غەززە بکات، کە کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، لە کۆتایی هەفتەدا بەڕێوەدەچێت.

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئەمەریکا لە کۆتایی هەفتەدا بەشداری دانوستانەکانی قاهیرە دەکات"، هەروەها هیچ لێدوانێکی لەسەر هەواڵی گەشتەکەی بێرنز بۆ ناوچەکە نەدا.

ڕاگەیاندنی ئەم هەوڵە نوێیە دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد، ڕێککەوتنی ئاگربەست "بەبێ دواکەوتن" جيبەجێ بکات، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار لە ئیسرائیل دەکات بۆ وەڵامدانەوەی کارەساتی مرۆیی لە کەرتی غەززە ، کە دانیشتووانەکەی برسین.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، بێرنز لەگەڵ دەیڤید بارنی، سەرۆکی مۆساد کۆدەبێتەوە، جگە لە بەرپرسانی میسر و قەتەر، هەروەها ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ـی بڵاوی کردووەتەوە، بێرنێز لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆکوەزیرانی قەتەر و عەباس کامل، سەرۆکی هەواڵگری میسر کۆدەبێتەوە.

حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر ئیسرائیل و نزیکەی هەزار و 200  کەس کوژران، هەروەها لەهێرشەکەدا نزیکەی 250 کەسیان بە بارمتە گرت، کە نزیکەی 130 کەسیان لە غەززە ماون و ئەوانی دیکەش بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان ئازاد کراون.

Fly Erbil Advertisment