مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هێرشی کردە سەر پاڵاوگەی نەوتی حەیفا لە ئیسرائیل
K24 - هەولێر
گرووپێکی چەکداریی عێراق ڕایگەیاند، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر پاڵاوگەکانی نەوتی حەیفا لە ئیسرائیل.
ئەو گرووپە کە خۆیان بە "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە، ئەو هێرشە "لە وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیلە دژی خەڵکی مەدەنی فەلەستینی".
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق، پێشتر بەرپرسیارێتی دەیان هێرشیان بۆ سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل و سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا گرتووتە ئەستۆ، هێرشەکانیش لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە بووە.
دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و کوژرانی ژمارەیەک ئەندامی سوپای پاسداران و ملیشیاکان و بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل کرد.
ماوەی دوو مانگە ئاگربەست رانەگەیەندراو لەنێوان میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا لەگەڵ ئەمەریکا هەبووە، بەڵام وەشاندنی گورزی سەربازی لەلایەن ئیسرائیل و کوشتنی هەشت ئەندامی سوپای پاسداران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە دووانیان بەرپرسی باڵا بوون لە دیمەشق، پێدەچێت خاڵی کۆتایی ئەو هێمنایەتییە بێت و جارێکی دیکە دۆخی عێراق و سووریا ئاڵۆز بێتەوە.
