ئاراس خۆشناو: بازاڕی هەرێمی کوردستان زۆر سست بووبوو بەڵام بە دابەشکردنی دوو مووچە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت
K24 - هەولێر
سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیجی ڕایگەیاند، بە هەوڵ و کۆششی بەردەوامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها تیمی حکوومەت بەگشتی و هەوڵە سیاسییە فراوانەکان توانرا حکوومەتی فیدراڵی پابەند بکرێت لەو پابەندییانەی لەسەریەتی جێبەجێ بکات.
د. ئاراس قادر خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نزیکەی 60 ڕۆژ بوو مووچە دواکەوتبوو، بەڵام هۆکارەکەی ڕوون بوو، ئەو شێوازە مامەڵەکردنەی حکوومەتی فیدراڵ بوو لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجە.
خۆشناو گوتیشی: ئەو ڕێککەوتنانەی لە ئیدارەی دەوڵەت هەبوو، پاشەکشەیان لێ دەکرد و بیانوویان هەبوو، بەڵام بە هەوڵ و کۆششی بەردەوامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها تیمی حکوومەت بەگشتی و هەوڵە سیاسییە فراوانەکان توانرا حکوومەتی فیدراڵی پابەند بکرێت لەو پابەندییانەی لەسەریەتی جێبەجێ بکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، بۆیە ئەو ڕێککەوتنەی کراوە جێگای خۆشحاڵیی هەموو لایەکە، هەروەها سەرۆکی حکوومەت بەڵێنی بە خەڵک دا، هەروەها بازاڕ کاریگەرییەکی خراپی لەسەر بوو زۆر سست ببوو لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بە دابەشکردنی دوو مووچە نزیکەی تریلیۆنێک و 850 ملیار دینار دەکەوێتە بازاڕ. ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت.
خۆشناو باسی لەوەش کرد، لە بابەتی جێبەجێکردندا زۆر بەڕوونی و ئاشکرا باسکرایە، کە لەکێشەی نێوان بەغدا و هەولێر دەسەڵات دراوەتە هەردوو سەرۆکوەزیران، هەم بابەتی نەوت و گاز هەم بابەتی مووچە و بودجە یەکلایی بکەنەوە. تاوەکو هەموار دەکرێتەوە.