سوناک: پێویستە شەڕی غەززە کۆتایی بێت

ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا
ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، شانشینی یەکگرتوو بەهۆی خوێنڕێژی لە غەززە شۆک بووە و دەڵێت، "پێویستە ئەم شەڕە ترسناکە کۆتایی بێت".

ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، تەواوی شانشینی یەکگرتوو تووشی شۆک بووە بەهۆی ئەو خوێنڕێژە و دەڵێت، "ئێمە شۆک بووین لە ئازایەتی ئەو کرێکارە بەریتانیانەی کە خۆراک بۆ کەمدەرامەتان لە غەززە دەگوازنەوە". مەبەست لێی کوژرانی 7 کرێکارە فریاگوزارەکەی ڕێکخراوی "WCK"یە، کە سێ کرێکاری بەریتانی لەنێویاندا بووە، بەهۆی گواستنەوەی بارێک کە لە ڕێگەی کەشتییەکی قوبرسییەوە بۆهاووڵاتییانی غەززە دەگەیەنرا لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلدا کوژران.

سوناک ئاماژەی بەوەش کرد، "دەبێت ئەم شەڕە ترسناکە کۆتایی بێت بارمتەکان ئازاد بکرێن و هاوکارییەکان زیاد بکرێن".

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا جەختی لەوەش کردەوە، "منداڵانی غەززە پێویستیان بە ئاگربەستێکی مرۆیی دەستبەجێ هەیە کە ببێتە هۆی ئاگربەستێکی درێژخایەن و بەردەوام"، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمە "خێراترین ڕێگایە بۆ دەرهێنانی بارمتەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان".

ناوبراو لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند، "لە پێناو بەرژەوەندی ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان کە هەموویان شایەنی ژیانن بە ئاشتی و کەرامەت و ئاسایشەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بەدەستهێنانی ئەو ژیانە بۆیان".

حکوومەتی بەریتانیا داوای کرد کە "ئەوپەڕی شەفافیەت" و "پێداچوونەوەیەکی تەواو سەربەخۆ" بە کوشتنی حەوت کرێکاری فریاگوزاری لە کەرتی غەززە بکرێت. کوشتنی ئەو کرێکارانە فشارەکانیان لەسەر حکوومەتی بەریتانیا زیاتر کردووە بۆ ڕاگرتنی مۆڵەتی هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل.

بەپێی ئاماری گروپەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک، لەندەن ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل داوە بە بەهای زیاتر لە 487 ملیۆن پاوەند (614 ملیۆن دۆلار) لە ساڵی 2015ەوە.