سوودانی: لە ناردنی مووچە بەردەوام دەبین
نێچیرڤان بارزانی: هیوادارین له زووترین كاتدا پرسی نه‌وت چاره بكرێت

K24 - هەولێر
به گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێکی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، محەممەد شییاع سوودانی، نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆیان لە بارەی چەند پرسێک کردووە، لە نێویاندا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت.
لەلایەن خۆیەوە سوودانی ڕایگەیاندووە، سوورن لە سەر ناردنی مووچەی مووچەخۆران و نێچیرڤان بارزانیش خۆشخاڵی خۆیی بۆ ڕێککەوتنی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پرسی مووچە دەربڕیوە و ڕاشیگەیاندووە، هیوادارن له زووترین كاتدا پرسی نه‌وتیش چاره بكرێت.
لە دوای کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، محەممەد شییاع سوودانی ڕایگەیاند، لە گفتوگۆکاندا جەخت لەسەر بنەما و ئەو پرەنسیپانە کرایەوە کە بەشێکن لەو ڕێککەوتنە سیاسییەی حکوومەتی لەسەر پێک هێنراوە. ئەو بنەمايانەی کە دووپات لەسەر پابەندبوون بە دەستوور، پرەنسیپی هاوبەشی و هاوسەنگی و ساغکردنەوەی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستوور دەکەنەوە.
سوودانی لەبارەی پرسی مووچەوە ئاماژەی دا، لەسەر ڕۆشنایيی لیستە فەرمییەکانی فەرمانبەران و سەرجەم وەزارەتەکان و ئەو توێژانەی ناویان هاتووە و لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێریی دارایيی هەرێم و فیدراڵه‌وه وردبینیان بۆ کراوە، دەستپێشخەریی خەرجکردنی مووچەکانمان کردووە. دواتر لیستەکان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کرا بۆ ئەوەی دەست بە خەرجکردنی بکەن، ئەمەش کرا و تەواوی مووچەی هەردوو مانگی شوبات و ئادار ڕەوانە کران.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی دا، لەوەی سوورن لەسەر بەردەوامیی ناردنی مووچە، بە جۆرێک کە بەریەککەوتنی لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فيدراڵیدا نەبێت و هاوکار بێت لە زامنکردنی ئەو مووچەیەی کە سەرچاوەی بژێویی هاووڵاتییانە.
ئەو گوتیشی: بێگومان بەرپرسیارییەتیی ئێمە وەک حکوومەتی فیدراڵ ڕژدبوونە لەسەر ژیانی فەرمانبەر و هاووڵاتی، جا چ لە هەرێمی کوردستان بێت یان لە پارێزگاکانی ديكه، ئەمەش لە ڕێگای هاوکاری و نەرمینواندنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فيدراڵیدا دەکرێت. بێگومان دۆسییەکانی دیکەیش گفتوگۆ و وتوێژیان لەسەر کراوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت و ئەو هەموارانەوه هه‌يه، کە پێویسته لە یاسای بودجە و گرێبەستەکاندا بکرێن، ئەمەو لەگەڵ پێداچوونەوەی هەمەلایەن و گشتگیر کە یاسای سێ ساڵه‌ى بودجە ڕەزامەندی لەسەر داوە.
ڕاشیگەیاند، هەموو چالاکی و کۆبوونەوەکان بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن، کە جەخت لەسەر لێکگەیشتن و کاری پێکەوەیی دەکەنەوە، بە جۆرێک خزمەتی سەرجەم خەڵکی عێراق بکات بەبێ جیاوازی.
لەلایەن خۆیەوە نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: له‌وه‌ته‌ى سوودانى بووه‌ته سه‌رۆكوه‌زیران، تا ئێستا له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه هه‌وڵێكی ڕژدی داوه كه خزمه‌تی هه‌موو عێراق بكات، چ هه‌رێمی كوردستان و چ شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق بێت. لەو سەردانەشدا جەختمان له پشتیوانیی خۆمان بۆ سه‌رۆكوه‌زیران بۆ سه‌رخستنی كارنامه‌ی حكوومه‌ت کرده‌وه.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: خۆشحاڵین له ئه‌نجامی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی کە كراوه، مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان دەدرێت هه‌روه‌كو جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیران ئاماژه‌ی پێكرد، له‌و چوارچێوه‌یه‌ی كه ڕێككه‌وتن كراوه له نێوان سه‌رۆكوه‌زیران، كاك مه‌سروور و جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیران سوودانی و هیوادارین ئه‌مه به‌رده‌وام بێت.
هه‌ر لە کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسی چۆنیه‌تیی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له داهاتوودا كراوه. نێچیرڤان بارزانی ئومێدەوارە بگه‌نە لێكگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش له په‌یوه‌ندییەکان كه سوودی بۆ هه‌موو عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش هه‌بێت.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بابه‌تی نه‌وتیشمان باس كردووه و تا ئێستا هه‌ندێك كێشه هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك پره‌نسیپ هه‌ندێك ڕێككه‌وتنی باش كراوه و هیوادارین له زووترین كاتدا پرسی نه‌وتیش چاره بكرێت.