سوپای ئیسرائیل تیپێکی سەربازیی لە باشووری شاری غەززە کشاندەوە
K24 – هەولێر
دوای چوار مانگ لە شەڕ و ئۆپراسیۆنی سەربازی شەوی ڕابردوو، سوپای ئیسرائیل تیپێکی سەربازیی لە باشووری شاری غەززە کشاندەوە.
ئێزگەی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەوەتەی هێرشی زەمینیان بۆ سەر غەززە دەست پێ کردووە، یەکەم جارە دوای چوار مانگ لە شەڕ و پێکدادان، کۆتایی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە شاری خان یونسی باشووری شاری غەززە هێناو سەرجەم سەربازەکانی تیپی 98ی پیادەی کشاندەوە.
هەروەها ڕایگەیاندووە، لەوەتەی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە تا وەکوو ئێستا 604 سەربازی ئیسرائیلی لە شەڕو پێکدادانەکان کوژراون و 3193 سەربازی دیکەش بریندار بوونە، لە نێویاندا 497یان برینەکانیان سەختە، لە بەرانبەریشدا دوازدە هەزار چەکداری حەماسیان کوشتووە.
ئەمە لە کاتێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە (7ی نیسانی 2024) شەش مانگ بە سەر شەڕو پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل تێدەپەڕێت و وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس ڕایگەیاندووە، تا وەکوو ئێستا 33 هەزار و 175 کەسی مەدەنی لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە 75 هەزار و 886 کەسی دیکەیش برینداربوون کە زۆرینەیان ئافرتان و منداڵانن.
سوپای ئیسرائیل ئامارێکی لە بارەی ئۆپراسیۆن و چالاکییە سەربازییەکانی بڵاوکردووەتەوە بەم شێوەیە:
- بۆمببارانی 32,000 ئامانج لە ئاسمانەوە
- وێران کردنی 3600 ئامانج.
- لە ناوبردنی 4250 ژێرخانی سەربازی.
- 9100 مووشەک ئاسمانی ئیسرائیلی بەزاندووە کە 3100 مووشەک لە لوبنان و 35 مووشەک لە سووریاوە هەڵدراون و ئەوانی دیکەش لەلایەن حەماسەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە.
- 300 هەزار سەربازی نوێ خراونەتە خزمەتی سەربازی کە 17% ژنن.