پێشمەرگەیەک بەهۆی هەورە برووسکەوە گیانی لەدەستدا
K24 - هەولێر
پێشمەرگەیەکی فەوجی 2ی لیوای 15ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە؛ لە کاتی ئەرکی سەربازی بەهۆی هەورە برووسکەوە گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی کاتژمێر 06:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 08-04-2024، پێشمەرگەیەکی فەوجی 2ی لیوای 15ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کاتی ئەرکی سەربازی، بەهۆی بەرکەوتنی تەزووی هەورە برووسکەوە گیانی لەدەستداوە.
پێشمەرگەکە ناوی "عبدالغفور کەوشو محەممەد"ـە و رووداوەکە لە گوندی "جاستان" لە میحوەری شەشی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان روویداوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پێشمەرگەکە دانیشتووی قەزای خەباتی سنوری پارێزگای هەولێرە؛ خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە.