يه‌په‌گه‌: هێرشكردنه‌ سه‌ر ناوچه‌ كوردييه‌كان هێڵى سووره‌

لە راگەیاندراوێکدا، یەپەگە، ئاشکرای کرد کەوا فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا بەشێوەیەکی ھەڕەمەکیانە، بۆردوومانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەسەکەی کردووە

K24– هه‌ولێر:

لەدوای بۆردومانکردنی شاری حەسەكەی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای سووریاوە، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ھۆشداری دەداتە رژێمی بەشار ئەسەد و رایدەگەیەنێت ئەوان چیدیکە بەرامبەر بەو ھێرشانە بێدەنگ نابن.

لە راگەیاندراوێکدا، یەپەگە، ئاشکرای کرد کەوا فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا بەشێوەیەکی ھەڕەمەکیانە، بۆردوومانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەسەکەی کردووە و خەڵکی شارەکەی ناچار کردووە ماڵ و حاڵیان بەجێبێڵن و حەسەکە بەجێبێڵن.

ھەروەھا لە راگەیاندراوەکەی یەپەگەدا ھاتووە کە لەئەنجانی بۆردومانەکەدا، خەڵکی سڤیل بوونەتە قوربانی و کوژرا و بریندار ھەن.

دواتر یەپەگە، سوپای سووریا ئاگادار دەکاتەوە کە ھێرشکردنە سەر ناوچە کوردییەکان ھێڵی سوورە و ئەوانیش چیدیکە بێدەنگ نابن و تۆڵەی خوێنی خەڵکەکەیان دەکەنەوە.