ئیسرائیل وادەی هێرشکردنە سەر رەفەحی ئاشکراکرد

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، کاتی گونجاویان بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح دیاریکردووە.

دوای ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرایکرد کاتی گونجاویان بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح دیاریکردووە، لای خۆیەوە ماتیۆ میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەیکرد، هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح قوربانی زۆری مرۆیی لێدەکەوێتەوە و زیانیش بە ئاسایشی ئیسرائیل دەگەیەنێت.

جەختی لەوەشکردەوە، جگە لە هێرش کردنە سەر رەفەح بۆ لەنابردنی حەماس ڕێگەی دیکە هەیە.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادەشڵێت: "ئێمە ئەمەمان بۆ ئیسرائیل روونکردووەتەوە کە هێرشی تەواوی زەمینی بۆسەر رەفەح کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی مرۆیی غەززە دەبێت و زیانیش بە ئاسایشی ئیسرائیل دەگەیەنێت. ئیسرائیل پلانی هێرشی رەفەحی خستووەتە بەردەستمان بەڵام ئیدارەی بایدن پێیوایە رێگەی باشتر هەیە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی جگە لە شەڕ و هێرش. لە ئامانجی ئیسرائیل تێدەگەین کە لەناوبردن و ریشەکێشکردنی حەماسە لە غەززە."

لای خۆیەوە جۆن کێربی، گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، "ئەگەر ئێران ئاگربەستی غەززەی دەوێت، دەبێت حەماس پابەند بکات بە  پێشنیارەکانی ئاگربەستەکە".

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.