دوای 21 ساڵ لە رووخانی رژێمی بەعس؛ کێشەکانی کەرکووک بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە

K24 - هەولێر
سەرەڕای تێپەڕبوونی 21 ساڵ بەسەر هەڵوەشانەوەی رژێمی بەعس و سیستەمە سەرکوتکارییەکەی، برینەکانی کەرکووک تیمار نەکراون و پارێزگاکە بەسەر ئەو کێشە و گێچەڵانەوە دەناڵێنێت کە لە سەردەمی بەعس بەسەریدا سەپێندراوە.
21 ساڵ بەسەر رژێمی بەعس و سیستەمە سەرکوتکارەکەی تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا کەرکووک نەیتوانیوە هەناسەیەکی قووڵ هەڵبکێشێت و لە کێشانەی کە لە دوای ئازادکردنی عێراق تووشی بوون، رزگاری بێت.
کۆمەڵێک کێشە و دەردەسەریی هەن خەڵکی کەرکووک بەدەستییەوە دەناڵێنن و تا ئێستا نەیانتوانیوە بڕیاری چارەنووسی خۆیان بدەن.
سەرەکیترین کێشەکانی کەرکووک بریتین لە جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 کە بە زامنی مافی خەڵکی ئەو شارە دەزانرێت و جەخت لە کوردستانیبوونی ئەو پارێزگایە دەکات. هاوکات تەعریب و تێکدانی رووی راستەقینەی ئەو پارێزگایە بووەتە کێشەیەکی گەورە لە رۆژگاری ئەمرۆ. لەلایەکی دیکەوە کێشەی زەویی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک تا ئێستا چارەسەرنەکراون و هەزاران دۆنم زەوی لەلایەن عەرەبی هاوردەوە دەستیان بەسەرداگیراوە.
جیا لەوە لە ساڵی 2005ـەوە تا پارساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نەکرابوو، سەرەڕای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، تا ئێستا پارێزگار و ئیدارەی نوێی نەتوانراوە دەستنیشان بکرێت و ئیدارەیەکی خۆسەپێن هەیە کە هۆکارەکەی ئەو تەعریبە زەقەیە بەسەر ئەو پارێزگایەدا جێبەجێکراوە.
ئێستا دەرفەتێکی نوێ لە کەرکووک لەئارادایە و لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کورد توانیویەتی سەنگی خۆی بپارێزێت، بەڵام حکوومەتی ناوەند و بەتایبەتی ئیدارەی سەپێندراوی ئێستای کەرکووک بەربەستی سەرەکین لە دووبارە هەڵمژینی هەناسەیەکی قووڵی ئەو پارێزگایە.