زیاتر لە ملیۆنێک مووچەخۆر لە رێگەی هەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆری کەرتی گشتی مووچەی مانگی 10ـی خۆیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە وەردەگرن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی 2023 پڕۆژەی "هەژماری من"ـی راگەیاند. ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەم بەمەبەستی مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیریی دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

تا ئێستا زیاتر لە 1.1 ملیۆن مووچەخۆری کەرتی گشتی لە پڕۆژەکەدا خۆیان تۆمارکردووە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 1 ملیۆن مووچەخۆر کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە.

لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا، بانکە بەشداربووەکان نزیکەی 800 ئامێری راکێشانی پارە (ATM)ـیان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیرکردووە، تا هاووڵاتیان بەشێوەیەکی 24 کاتژمێری بتوانن پارە رابکێشن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە تا کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە ژمارەی ئەو ئامێرانە لە 1,000 ئامێر تێپەڕێنێت، کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ رێساکانی بانکی ناوەندی عێراق.

خشتەی خوارەوە ژمارەی ئەو فەرمانبەرانە روون دەکاتەوە کە مووچەی مانگی 10 بەشێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن بەپێی پارێزگاکان:

پارێزگا / ژمارەی سوودمەند
هەولێر / 424,000
سلێمانی / 384,000
دهۆک / 197,000
هەڵەبجە / 25,000
کۆی گشتی / 1,030,000