بەرپرسی پارتێکی لوبنانی دوای ڕفاندنی تەرمەکەی لە سووریا دۆزرایەوە

باسکال سلێمان
باسکال سلێمان

K24- هەولێر

سوپای لوبنان ڕایگەیاند، بەرپرسی حزبی هێزەکانی لوبنان "باسکال سلێمان" دوای ئەوەی ڕفێندراوە لە لوبنان کوژراوە و تەرمەکەی لە ڕێگەی مافیاکانەوە ڕەوانەی سووریا کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەماهەنگی دان لەگەڵ سووریا تاوەکو تەرمەکایان ڕادەست بکەنەوە.

سوپای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بەدواداچوون بۆ پرسی "باسکال سلێمان"ـی ڕفێندراو کراوە، بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سوپا توانیویەتی زۆربەی ئەو چەتە سوورییانەی بەشداربوون لە ڕفاندنەکەدا دەستگیربکەن، لە کاتی لێکۆڵینەوەکانیاندا دەرکەوتووە کە ڕفێنراوەکە کوژراوە لەلایەن ئەوانەوە لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا ئۆتۆمبێلەکەی بدزن لە ناوچەی جبەیل، و هەروەها تەرمەکەیان گواستۆتەوە بۆ سووریا".

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی "نەهار"ی لوبنانی بڵاویکردووەتەوە، تەرمی باسکال ڕەوانەی نەخۆشخانەی باسل کراوە لە سووریا، بۆ ئەوەی بەهەماهەنگی لەگەڵ خاکی سوور ڕەوانەی لابنان بکرێتەوە.

باسکال سلێمان، بەرپرسە لە حزبی"هێزەکانی لوبنان" لە ناوچەی جبیل لەباکووری لوبنان، کە سەمیر جەعجەع سەرکردایەتی ئەو حزبە دەکات.

حزبەکەی باسکال لەسەر کوشتنی بەرپرسەکەی ڕایگەیاند، پێمان وایە کوشتنی باسکال سلێمان بە ئەنقەست و پلان بۆداڕێژراو بووە.

دوای ڕاگەیاندنی کوژرانی باسکال، حزبی هێزەکانی لوبنان لەگەڵ دانیشتووانی جبیل بەهۆی تووڕەبوونیانەوە هەموو ڕێگاکانی ئەو ناوچەیان داخستووە.