دژوار فایەق: حکوومەتی عێراق بە پێچەوانەی خواستی کورد بڕیار دەدات

دژوار فایەق، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مادەی140
دژوار فایەق، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مادەی140

K24 – هەولێر

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مادەی 140 ڕایگەیاند، بڕیارەکانی حکوومەتی عێراقی بە پێچەوانەی خواستی کورد دەدرێت، دکتاتۆرییەت بە شێوازێکی دیکە پەیڕەو دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی نیسانی 2024، دژوار فایەق، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مادەی 140 لە میانی گەشتێکی ژووری هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، لە سەردەمی ڕژێمی دیکتاتۆر بڕیارەکان بەزۆر دەسەپێندرا بەسەر عێراق و بەتایبەت کوردستان و کەرکووکیش، ئێستاش حکوومەتەکە دیکتاتۆرییە، بەڵام بە شێوەیەکی جیاوازتر کە زۆرینەی کارەکان بە دیکتاتۆرییەت بەڕێوەدەچێت، لەلایەن حکوومەتی عێراقی و پەرلەمانی عێراقی، چونکە عەرەب زۆرینەیە.

بەگوتەی ئەو، "حکوومەتی عێراق بیر لەوە ناکاتەوە کە کورد شەریکە لەو وڵاتە، نەتەوەی ژمارە دوو کوردە، کورد کاریگەری هەیە لەو ململانێیانەی لەگەڵ دیکتاتۆرییەت لە ڕۆژی دامەزراندنی و ئازادکردنی عێراق و تاکو ئەمڕۆش،  بەڵام ئەمڕۆ بە پێچەوانەی خواستی کورد بڕیار دەدەن دەیانەوێت بەزۆر ئەو بڕیارانە جێبەجێ دەکەن کە جێبەجێ نابێت."

ئەو نوێنەرە دەڵێت: "بەعەرەب کردن بە بەرنامە کراوە تاکو ئێستاش بەشیوەیەک لە شێوەکان بەردەوامە، بە عەرەب کردن بۆ گۆڕینی دیموگرافیایی ناوچەکانی سنووری مادەی 140 بەتایبەتی کراوە، بە عەرەب کردن لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقییەوە دروست بووە، بەڵام ئەو کاتە بە شێوازی شۆڤێنی نەبووە، گۆڕینی دیموگرافیا بووە بەشێوازی ئیداری و داگیر کاری و جوگرافی بووە."

دژوار فایەق ڕاشیگەیاند، لە ساڵانی 1930 بەڕێوەبەرایەتییەک دروستبوو، بەناوی بەڕێوەبەرایەتی دانیشتووانی "بەدەوییەکان"، ئەو بەدەوییانەیان لە بیابانەکانەوە دەهێنا نیشتەجێی شوێنە کوردەکان دەکران و ناسنامەیان پێدەدرا، چونکە لەو سەردەمەدا حکوومەتی عێراق پێویستی بە سەرباز بوو بۆ شەڕ، لەو سەردەمەدا حەویجە، ڕیاز هەموو کورد بوون. بەشێکیش لە عەشیرەتەکانی دیالەش ناکۆک بوون بۆ ئەوەی شەڕ نەکەن زۆربایەن دەگواستنەوە بۆ حەویجە و دەوروبەری کەرکووک.

21 ساڵە رژێمی بەعس رووخاوە،  بەڵام جێپه‌نجه‌ی تاوانەکانی بەعس لە یادەوەری گەلی کوردستانیان و لە جوگرافیای هەرێمی کوردستاندا هەر ماوە، 36 ساڵ بەر لە ئێستا رژێمی بەعس چەندین تاوانی وەک شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ‌‌هەڵەبجە و بێسەروشوێنکردنی بارزانییەکان ئەنجامدا، وێڕای ئەوەی دادگای باڵای تاوانەکان و، پەرلەمانی عێراق لە دەیەی رابردوودا تاوانەکانیان وەکو جینۆساید ناساند بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان و زیانەکانی هەرێمی کوردستانیان نەکردووەتەوە.

زیانە گیانییەکانی تاوانەکانی رژێمی بەعس دژ بە گەلی کوردستان بریتین لە قۆناغەکانی ئەنفال کە رژێمی بەعس لە رێگەی هەشت قۆناغی یەک لەدوای یەک لەنێوان 22ـی شوباتی ساڵی 1988 دەستیپێکرد،  لە 6ـی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا هەر هەشت قۆناغی جێبەجێکرد کە زیاتر لە 182 هەزار لەژن و منداڵ و گەنج و پیرو پەککەوتەی کوردی زیندە بەچاڵکرد.

هەروەها لە 16ـی ئاداری ساڵی 1988 حکوومەتی بەعس هەڵەبجەی كیمیابارانکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە 5 هەزار کەس شه‌هیدبوون.

رژێمی بەعس لەو ماوەیەدا هەزاران گوند و شارەدێ و هەزاران مزگەوت و قوتابخانەو دەیان کڵێسای کوردستانی خاپوور کرد، رەزو باخ و کێڵگەکانی جووتیارانی سوتاند و کانیاوەکانی تەقاندەوە و بنەماکانی ژیانی لەناوبرد، لەدوای ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی بەعس هیچ کام لە حکوومەتەکانی عێراق پابەندی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی خەڵکی کوردستان نەبوون.

هەروەها 49 ساڵ لەمەوبەر رژێمی بەعس بڕیارنامەی 795ـی ئەنجوومەنی  سه‌ركردایه‌تی شۆرش و بڕیاری ژمارە 358ـی لە ساڵی 1978 دەرکرد بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی بە عەرەبکردن لەپارێزگاکانی کەرکووک و چەند ناوچەیەکی کوردنشین لە سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا ، بە سەدان هەزار خانەوادەی کورد ناچار بە دەرپەڕاندن دەکات و هاووڵاتیانی عەرەب لەشوێنیان نیشتەجێ دەکات. دوای پرۆسەی ئازادی عێراق هاوکات جێگیرکردنی ماددەی 140 لە دەستووری هەمیشەیی عێراق ، کە بەگوێرەی ماددە یاساکە دەبێت، ئاوارەکانی کورد بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و،بڕیاری پێدانەوەی موڵکەکانیان دەربکرێت و لەقۆناغی کۆتاییدا ریفراندۆم لەسەر یەکلاییکردنەوەی کێشەی  ئیداری و سیاسی ئەو ناوچانە لە نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە وێڕای ئەوەی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق پابەندی چارەسەری دەستووری نەبوون هاوکات درێژەیان بە سیاسەتی تەعریبکردن لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دا.