هەڤاڵ ئەبوبەکر: خراپبوونی باری دارایی هاووڵاتییان نەهامەتی دەهێنێتە کایەوە

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی

K24 - هەولێر

پارێزگاری سلێمانی ڕایەگەیاند، خراپبوونی باری دارایی و تێکدانی کاسەی پڕی ماڵەکان نەهامەتی دەهێنێتە کایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی نیسانی 2024،  هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێمە ئێستە لە دۆخێکی هەستیار و گرنگداین، مرۆڤایەتی تووشی جەنگێکی جیهانی گەورە بووەتەوە و وڵاتەکەی ئێمەشی گرتووەتەوە. ئومێد دەکەم بە ئیرادەیەکی هاوبەش نێوان خۆمان و ڕیزەکانمان چاکبکەن، ماڵی خۆمان ڕێکبخەینەوە و نەبین بە بەشێک لەو ململانێ و ئەجێندایانەی لە ناوچەکە و جیهاندا دەگوزەرێ، سەقامگیری بەرپا بکەین.

بەگوتەی ئەو، ئەزموونی ڕابردوو پێی گوتین "ئێمە لە هەر نەهامەتییەکدا بین سەردەکەوین، لە هەر شتێکیش داببڕێن لەیەکتری چەندیش کارەکە ئاسان بێت ناتوانین سەربکەوین. بۆیە قۆناغی ئەوەیە ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوومان ئەزموون کردبێت، نەهامەتییەکان دووبارە نەکەینەوە، ئەم جەژنە دەستپێشخەری بکەین بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکتر ئاشتبینەوە، ئاشتییەکی سەرتاسەری لە کوردستاندا بێتە کایەوە. بەرنامەیەکی نیشتمان بۆ کوردستان بێنینە کایەوە بۆ قەوارەکەمان."

ئەو دەڵێت: "خەڵکی کوردستان دەبێت، ئەو ڕابردووەی بە خوێن نەخشاندوویانە بتوانین بەهەموومان بیپارێزین، لە ئێستە و ئایندەی نیشتمانەکەمان بۆ ئەوەی کۆتایی بەشەڕ و بەریەککەوتن و شەڕ و ناکۆکی بهێنین."

هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتیشی: "خراپبوونی باری دارایی و تێکدانی کاسەی پڕی ماڵەکان نەهامەتی دەهێنێتە کایەوە، ئارامی دەروونی تاکەکان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و گشتی ناهێڵێت، خزمەتگوزارییەکان پەکیان دەخرێت و سیستەمی دەوامکردن پەکدەخات، بەیەکەوەبوون تێکدەدات. بۆیە ئومێد دەکەم ئەمە کۆاتیی قەیرانەکان بێت و ئەو نەهامەتییانە بەرۆکی خەڵکی کوردستان نەگرێتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بگەنە ئەنجام و هەموو بڕیارەکان لە خزمەت و بەرژەوەندی گشتی دا بێت."

Fly Erbil Advertisment