فەرماندەی سێنتکۆم دەچێتە ئیسرائیل؛ "وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران تاوتوێ دەکەن"
K24 - هەولێر
بۆ هەماهەنگیکردن سەبارەت بە وەڵامدانەوەی هێرشی چاوەڕوانکراوی ئێران، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا سەردانی ئیسرائیل دەکات.
پێگەی ئاکسیۆسی ئەمەریکی ئاشکرایکردووە، بۆ تاوتوێکردن و ئەنجامدانی هەماهەنگی سەبارەت بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هێرشی چاوەڕوانکراوی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، جەنەراڵ مایکڵ کواریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) سەردانی تەلەئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل دەکات.
پێگەی ئاکسیۆس ئاماژەی بەوەش داوە، جەنەراڵ کواریلا لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل دەکەن بۆ شێوازی وەڵامدانەوەی ئێران لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.
ئەو پێگە ئەمەریکییە باسی لەوەش کردووە، لەبەر هۆکاری ئەمنی سەردانەکەی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە میدیاوە باس نەکراوە.
هاوکات رۆژنامەی "وۆڵستریت جۆرناڵ"ـی ئەمەریکی لەسەر زاری ژمارەیەک بەپرسی ئەمەریکاوە ئاشکرایکردووە، وەڵامی ئێران بۆ کوژرانی حەوت ئەندامی سوپای پاسداران حەتمییە و هەر روودەدات.
ئەو بەرپرسە ئەمەریکییانە باسیان لەوەش کردووە، تا ئێستا روون نییە ئایا ئێران ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل یاخود لە ڕێگەی بریکار و گرووپە چەکدارەکانەوە ئەو کارە دەکات، بەڵام ئەوەی روونە تاران بڕیاری هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی داوە و پاشەکشەی لێ ناکات.
ئاماژەیان بەوەش داوە، ئەگەری هەیە ئەمجارە ئەمەریکا هێزی سەربازیی خۆی دژی ئێران بەکاربهێنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوو کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرایە ئامانج و لە ئاکامدا دوو فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران، بە ناوەکانی "محەممەد ڕەزا زاهیدی و محەممەدهادی حاجی رەحیمی" و پێنج ئەفسەری دیکە کە وەک راوێژکاری باڵای سەربازیی لە سووریا بوون، کوژران.