واشنتن زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بۆ سوودان تەرخان دەکات
K24 - هەولێر
نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوودان ڕایگەیاند، ئەمەریکا زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار دابین دەکات بۆ یارمەتیدانی خەڵکی سوودان بەهۆی ئەو شەڕو ئاڵۆزیەی کە نزیکەی ساڵێکە لەو وڵاتە سەری هەڵداوە.
واشنتن هەوڵدەدات لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی پارەی زیاتر کۆبکاتەوە بۆ قەیرانی مرۆیی لەو وڵاتەدا، کە سوودانییەکان ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی بوونەتەوە.
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوودان، "تۆم پێریلۆ" بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوت: هیوادارە هاوبەشەکانی لە سەرانسەری جیهاندا ئەولەویەتی زیاتر بدەن بە شەڕی ناوخۆی سوودان و وڵاتانی دیکەش ئامادەی کۆنفرانسێکی بەخشین بن لە پاریس کە لە 15 نیسان. بەرێوەدەچێت.
دەستپێکی کۆنفرانسەکە هاوکات دەبێت لەگەڵ ساڵێکی تەواو لە دەستپێکردنی شەڕەکەوە، کاتێک گرژییەکان گۆڕدرا بۆ شەڕێکی قورس لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە سەدا پێنجی ئەو بڕە پارەیەمان وەرگرتووە کە داواکراوە"، گوتیشی: ئەمەریکا زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری تەرخانکردووە بۆ یارمەتییە مرۆییەکان.
تۆم پێریلۆ باسی لەوەشکرد، ئێمە پارەیەکی نۆ ژمارەیی دیکە دەدەین کە "زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارە" بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.
شەڕەکە بووە هۆی ئەوەی ملیۆنان کەس تووشی برسێتی و ئاوارەبوون بوونەتەوە، هەروەها لە هەرێمی دارفۆری ڕۆژئاوای سوودانیش ڕووبەڕووی کوشتن و توندوتیژی سێکسی دەبنەوە.
پێریلۆ گوتی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای سەپاندووە بەسەر فەرماندەی هێزەکانی پاڵپشتی خێرا.
نێردەکەی ئەمەریکا بۆ سوودان ڕاشیگەیاند، "پێموانییە ڕۆژی 18ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەکان لە جددە ببینین"، دەشڵێت: "واشنتن چاوەڕوانی دەستپێکردنی گفتوگۆیە فەرمییەکان ناکات، بەڵام هەموو ڕۆژێک دانوستانەکان بەڕێوەدەچن."