بایدن بەڵێنی پشتگیریکردن بە ئیسرائیل دەدات لە دژی ئێران

K24 – هەولێر

ئەمەریکا پێی وایە هێرشی مووشەکی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێران یان بریکارەکانی دژی ئیسرائیل نزیکە.

ڕۆژی چوارشەممە، 10-3-2024، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل لە دژی هەر هێرشێکی ئێران دووپاتکردەوە.

جۆو بایدن، لە گوتەکانی دا ئاماژەی بەوەدا کە ئێران "هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرشێکی بەرچاو بۆ سەر ئیسرائیل دەکات."

بایدن گوتیشی: "وەک بە سەرۆکوەزیران ناتانیاهۆم گوتووە، پابەندبوونمان بە ئاسایشی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەی ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی تۆکمە و نەگۆڕە."

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی ئەمەریکا جەختیکردەوە و ڕایگەیاند، "با جارێکی تر بیڵێمەوە پابەندبوونمان تۆکمە و نەگۆڕە. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل."

ئەم لێدوانەی بایدن لە کاتێکدا بوو کە "بلومبێرگ نیوز"، بڵاویکردەوە "ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی پێیان وایە هێرشی گەورەی مووشەکی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێران یان گرووپەکانەوە بۆ سەر ئامانجە سەربازی و حکوومییەکانی ئیسرائیل نزیکە."

بڕیارە 15ـی نیسان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەم سەردانی بۆ واشنتن بکات و هەروەها بڕیارە ڕۆژی دووشەممە داهاتوو لەگەڵ بایدن کۆببێتەوە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەندامی ئەو شاندە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

جا چ بە ڕێکەوت بێت، یانیش لەلایەن تارانەوە پلانی بۆ دارێژرابێت، ئەگەری ئەوە هەیە کە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بەو گریمانەیەی کە بەڕاستی ڕووبدات، هاوکات بێت لەگەڵ سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا؛ بەمەش دانوستانەکان و گفتوگۆکانی نێوان هەریەکە لە بایدن و سوودانی ئاڵۆزتردەبن.

لە 1ـی نیسانی 2024، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کونسوڵخانەی ئیرانیان لە دیمەشق مووشەکباران کرد، کە سەرکردە سەربازییەکانی ئێران خەریکی کۆبوونەوە بوون لەگەل ئەندامانی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین، بەهۆی هێرشەکەوە، ژمارەیەک لە سەرکردەی پلەباڵای ئێرانی لەگەڵ ئەندامانی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین کوژران.

جەنەڕاڵ محەممەد ڕەزا زاهیدی یەکێک لەو کەسانە بوو کە بە هۆی هێرشەکەوە کوژرا.  زاهیدی فەرماندەیی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی بوو لە لوبنان و سووریا. زاهیدی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی ئێران بوو لەو دوو وڵاتە؛ بەشێک لەو ئۆپەراسیۆنانە بریتی بوو لە بە نهێنی ناردنی چەک بۆ فەڵەستینییەکان.

دوابەدوای ئەو هێرشە، تاران بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی دا، بەڵام بایدن تەنیا لەسەر بنەمای گوتەکانی ئێران بەو جۆرە باس لە هەڕەشەی مووشەکبارانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل نەکرد. وەک بلومبێرگ ئاماژەی پێکردووە، بنەمایەکی هەواڵگری هەیە کە ئەم ئەگەرەی پشتڕاست دەکاتەوە.

هەر لەم بارەیەوە، ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هۆشدارییەکی بۆ هاووڵاتیانی دەرکردووە، کە تەنها لە حالەتی زۆر پێویستدا نەبێت، سەردانی رۆژهەلاتی ناوەراست نەکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، " پێشنیار دەکەین هاوڵاتیانی ڕووسیا خۆیان لە گەشتکردن بۆ ناوچەکە و بەتایبەت ئیسرائیل و لوبنان و خاکەکانی فەڵەستین بەدوور بگرن."

سەرچاوەکان بە بلومبێرگیان وتووە، "لەوانەیە ئەو هێرشە، کە ئەگەری هەیە بە بەکارهێنانی مووشەکی وردبینی بەرزەوە بێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕووبدات". بەگوێرەی هەلسەنگاندنەکانی هەواڵگری ئیسرائیل و ئەمەریکا سەبارەت بە هێرشی ئیران، ئەوان دەلێن کە هێرشەکە "زیاتر وەک پرسی 'کەی' سەیر دەکرێت نەک 'ئەگەر'."

بڕیارە سبەی پێنجشەممە ئێریک کورێللا، فەرماندەی سێنتکۆم لە ئیسرائیل ئامادەکاری بکات بۆ هەماهەنگی لە ئەگەری هێرشی ئێران یان هێزەکانی بە سەر بەو وڵاتە.

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: کامەران عەزیز

Fly Erbil Advertisment