سەرمەد بەیاتی: پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە

جەستن رووسێل: لە داهاتوودا پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن بەهێزتر دەبن

سەرمەد بەیاتی، شارەزای سەربازی و جەستن رووسێل، شرۆڤەکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا
سەرمەد بەیاتی، شارەزای سەربازی و جەستن رووسێل، شرۆڤەکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی سەربازی ئاماژە بەوە دەکات، سوودانی بەردەوام دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەمەش شتێکی نایابە و دەستپێشخەرییەکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان، هاوکات دەڵێت: هەندێک لایەن بە نزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا نیگەران دەبن.

سەرمەد بەیاتی، شارەزای سەربازی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، عێراق تا ئێستا پێویستی بە هێزەکانی هاوپەیمانانە، کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی عێراق قورسە بۆیە بەردەوام عێراق پێویستی بە هاوپەیمانانە، تا تەواوی رابهێندرێت بتوانێت کۆنترۆڵی ئاسمانەکەی بکات.

ئەو شارەزا سەربازییە، دەڵێت: هۆکاری سەرەکی سەردانی سوودانی بۆ ئەمەریکا، بریتییە لە چالاکردنی رێککەوتنی چوارچێوەی ئەمنی عێراق و ئەمەریکا، کەواتە بابەتەکە ئێستا بریتییە لە ئەرکی گۆڕینی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەوتی، هەروەها دانانی لیژنەکەیەکی سەربازی دوو لایەنە لەنێوان هەردوو وڵات.

سەرمەد بەیاتی، جەختی لەوە کردەوە، هەندێک ناوچە لە عێراق بەردەوام پێویستی بە چاودێرییە، بۆیە دەبێت لە ئێستادا هاوپەیمانان رۆڵی چاودێری ئەو ناوچە مەترسیدارانەی عێراق بگرنە ئەستۆ، تای وا لێدێت عێراقیش ئەو ئەزموونەیان لێ وەردەگرێت و فێردەبێت کە چۆن ئەو ناوچە مەترسیدارانە کۆنترۆڵ بکات.

ئەو شارەزا سەربازییە، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق گوتی: هەردوو حکومەت پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوانیان هەیە.

هاوکات گوتیشی: "حکومەتەکەی سوودانی بەردەوام دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەمەش شتێکی نایابە و دەستپێشخەرییەکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان".

لە درێژەی قسەکانیدا ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد، هەندێک لایەن بە نزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا نیگەران دەبن.

جەستن رووسێل: لە داهاتوودا پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن بەهێزتر دەبن

جەستن رووسێل، شرۆڤەکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵیت: هەرێمی کوردستان پێگەیەکی تایبەتی هەیە و هاوپەیمانی ئەمەریکایە، هەروەها لە داهاتوودا پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن بەهێزتر دەبن.

ئەو شرۆڤەکارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆرە کە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمەریکا هەیە، بە تایبەتی لە سەردەمی داعش ئەو هاوپەیمانێتییە زۆر رەنگی دایەوە.

جەستن رووسێل، گوتی: دۆخی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە چرکەساتی ئێستادا لە گرنترین دۆخ دایە.

ناوبراو گوتیشی: خەڵکی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە، ئەمەریکا بە دۆست دەبینن و ئەمەریکاش وەک هاوپەیمانێک سەیریان دەکات، ئەمەش رەنگدانەوەی دەبێت لە سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن.

ئەو شرۆڤەکارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رابردووە تاوەکو ئێستا گرنگی خۆی نیشانداوە بۆ ئەمەریکا و خەڵکی ئەمەریکاش، خەڵکی ئەمەریکاش ئەم راستییە دەزانن.

جەستن رووسێل، لە دریژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسیارەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایە کە ئەم گرنگییەی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا رەنگ بداتەوە و، نیشانی بدات بۆ خەڵکی ئەمەریکا کە هەرێمی کوردستان گرنگە، هەروەها نیشانی بدات کە هەرێمی کوردستان چەندە فاکتەرێکی سەقامگییریە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە.

ئەو شرۆڤەکارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشدا، داهاتووی عێراق وابەستەیە بە چوارچێوەیەکی گشتگیر، کە تیایدا هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گشتگیری هەیە لەو چوارچێوەیەدا، هەورەها داهاتووی عێراق وابەستەیە بە بوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هەرێمی کوردستان.