پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ پاراستنی سەلامەتی هێزەکانمان بەردەوام دەبین

K24 – واشنتن:
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ پاراستنی سەلامەتی هێزەکانیان لە عێراق و ناوچەکە بەردەوام دەبن.
ڕۆژی پێنجشەممە (11ـی نیسانی 2024) پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی سەردانی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا، سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی هەڕەشە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن گوتی: " وەک هەمیشە دوای هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ زامنکردنی سەلامەتی هێزەکانمان لە ناوچەکە بەردەوام دەبین، لەپێناو ئاسایش و سەلامەتی هێزەکانمان ناڕۆمە نێو وردەکارییەکان بەڵام سەلامەتی هێزەکانمان هەمیشە لە سەروو هەموو شتێکەوەیە".
هاوکات پات رایدەر گوتیشی: "وەک ئەوەی لێی تێگەیشتبم بەهۆی دوایین پێشهاتەکان، مایکڵ کوریلا گەشتەکەی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای ئیسرائیل هێنایە پێش، تاوەکو گفتوگۆ بکەن لەبارەی هەڕەشە ئەمنییەکان لە ناوچەکە."