واشنتن بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران گەشت کردن لە کارمەندانی قەدەغە دەکات

ماتیۆ میلەر
ماتیۆ میلەر

K24- هەولێر

ئەمەریکا دوێنێ پێنجشەممە، ڕایگەیاند، گەشتی کارمەندەکانی ئەندامانی بنەماڵەکانیان بۆ مەبەستی کەسی لە ئیسرائیل بۆ دەرەوەی ناوچەکانی تەلئەڤیڤ و قودس و بیئر سەبع، قەدەغە کردووە ئەمەش بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل.

ئێران دوای هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل کە لە 1ـی نیسان، بۆ سەر باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق ئەنجامدرا و بووە هۆی کوژرانی چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتە، لە بەرانبەردا بەڵێنیدا وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە هۆشدارییەکی ئەمنیدا لە ماڵپەڕەکەیدا ڕایگەیاندووە: "دەبێت وریا بین، بەوهۆیەوە کارمەندانی حکوومەتی ئەمەریکا و ئەندامانی خێزانەکانیان گەشتکردنیان بۆ مەبەستی کەسی بۆ دەرەوەی ناوچەکانی تەلئەڤیڤ (لەوانەش هێرتسلیا، نەتانیا و یەهودا)و قودس و بیئر سەبع  تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر قەدەغەیە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "کارمەندانی حکوومەتی ئەمەریکا بۆ مەبەستی کەسی ڕێگەیان پێدراوە لەنێوان ئەم سێ ناوچەیەدا جوڵە بکەن".

واشنتن سیاسەتێکی هەیە کە هەموو هاووڵاتیانی ئەمەریکی لە هۆشدارییەکان ئاگادار دەکاتەوە کاتێک ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ کارمەندەکانی لە وڵاتێکدا دەگرێتە بەر.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هۆشداری ئەمنی، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئێران هەڕەشەی ئاشکرای لە ئیسرائیل کردووە، گوتیشی: ئێمە هەڵسەنگاندنی بەردەوام دەکەین سەبارەت بە دۆخەکە. هەروەها ڕوونە کە ئێمە چاودێری ژینگەی هەڕەشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە ئیسرائیل دەکەین".