ئێران چەک و تەقەمەنیی گەیاندە فەڵەستین

چەک و تەقەمەنی (وێنەکە ئەرشیفە و تەنها بۆ روونکردنەوە دانراوە)
چەک و تەقەمەنی (وێنەکە ئەرشیفە و تەنها بۆ روونکردنەوە دانراوە)

K24 - هەولێر

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی ڕایدەگەیەنێت، ئێران بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی رەوانەی کەناری رۆژئاوای فەڵەستین کردووە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لەسەر زاری ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانییەوە ئاشکرایکردووە، تاران بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی بەڕێگەی قاچاخ گەیاندووەتە کەناری رۆژئاوای فەڵەستین.

ئەو رۆژنامە ئەمەریکییە باسی لەوەش کردووە، گەیاندنی ئەو بڕە لە چەک و تەمەنی مەترسی دروستبوونی شەڕێکی نوێی لێدەکرێت لە نێوان گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکان و هێزەکانی ئیسرائیل لە کەناری رۆژئاوا، بەتایبەتی لە ئێستادا ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشی سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق دەکات.

نیویۆرک تایمز تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، چەکە ئێرانییەکان لەرێگەی قاچاخ و بە عێراق و لوبناندا گەیەندراونەتە کەناری رۆژئاوا، ژمارەیەک قاچاخچیش هاوکاری پرۆسەکەیان کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشبینی دەکرێت لەم چەند رۆژەدا ئێران وەڵامی هێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەیان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بداتەوە کە بەهۆیەوە ژمارەیەک فەرماندە و سەربازی سوپای پاسداران کوژران و بریندرابوون.