ئەمەریکا و هاوپەیمانانی پێشبینی هێرشێکی توندی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن

وێنەیەکی تێكەڵاو لە ئاڵاکانی ئەمەریکا، ئیسرائیل و ئێران
وێنەیەکی تێكەڵاو لە ئاڵاکانی ئەمەریکا، ئیسرائیل و ئێران

K24 - هەولێر

بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل؛ ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام کاتی هێرشەکە ڕوون نییە. سەرۆکی ئەمەریکاش پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپات دەکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاندووە، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی پێیان وایە هێرشی توندی مووشەکی و درۆنیی ئێران، یان هێزە پرۆکسییەکانی دژی ئامانجە سەربازی و حکوومییەکانی ئیسرائیل بەم نزیکانە دەکرێت.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش داوە، هێرشەکەی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی ئیسرائیلە کە کردییە سەر کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە دیمەشقی پایتەختی سووریا و تێیدا حەوت ئەندامی سوپای پاسداران، لەناویاندا محەمەدڕەزا زاهیدی، فەرماندەی فەیلەقی قودس لە لوبنان و سووریا کوژرا و دەشبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ بلومبێرگ کردووە و نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، دەڵێن، هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا دەکرێت و ئەگەری ئەوە هەیە ئێران بە مووشەکی زیرەک و خاڵئەنگێو شوێنە سەربازی و حکوومییەکانی ئیسرائیل بکاتە ئامانج، بەڵام بەدووریان زانیوە لە شوێنی مەدەنی بدات.

یەکێک لەو سەرچاوانە دەڵێت، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرشەکە هەر ڕوو دەدات، بەڵام ئەوەی لەو بارەیە ناڕوونە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکەیە. 

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە نرخی نەوتی خاوی برێنت زیاتر لە 1٪ گران بوو، نرخی بەرمیلێکی گەیشتە سەرووی 90 دۆلار. لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی مەترسیی پەرەسەندنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوتی خاو 16٪ گران بووە.

ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتاری هەیینی جێژنی ڕەمەزاندا گوتی، کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەی هەر وڵاتێک، وەک خاکی ئەو وڵاتە دێتە ئەژمار و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق وەک هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر خاکی ئێرانە. گوتیشی، ئیسرائیل بۆ ئەم تاوانە دەبێ سزا بدرێ و بە دڵنیاییەوە سزای دەدەین.

هاوکات جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گوتی، "ئێمە بەردەوامین لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەو هێرشە توندەی ئێران هەڕەشەی پێ لە ئیسرائیل دەکات". گوتیشی، "هەر وەکو بە سەرۆککوەزیرانی ئیسرائیلیشم گوتووە، بۆ بەرگری لە ئیسرائیل لە بەرانبەر ئەو هەڕەشانەدا کە لەلایەن ئێران و هێزە پرۆکسییەکانییەوە دەکرێتە سەریان بەڵێنی ئێمە ئاسنینە و هەموو هێزی خۆمان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل بەکار دێنین".

بلومبێرگ لەسەر زاری سەرچاوەکانییەوە ئاماژەی بەوەش داوە، ئەمەریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشە چاوەڕوانکراوە هاوکاریی هەواڵگری لەگەڵ ئیسرائیل دەکات و ئیسرائیلیش بە هاوپەیمانەکانی ڕاگەیاندووە، چاوەڕوانە ئەو هێرشە بەر لە دەستپێکردنی هێرشێکی زەمینیی دیکەی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح لە غەززە بکرێت، بەڵام دیار نییە ئێران کەی هێرشەکە دەکات.