د. هەوار نێروەیی: پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان ستراتیجییە.

K24 - هەولێر
شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق بە دیاریکراویش هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی ستراتیجییە.
ئەمڕۆ شەممە، 13ـی نیسانی 2024، د. هەوار نێروەیی، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستای زانکۆ لە دهۆک، لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، پەیوەندیی نێوان ئەمەریکا و عێراق بە دیاریکراویش هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی ستراتیجییە لەدوای ساڵی 2003یە هەرچەندە لەو ڕێڕەوەی ساڵانەدا چەندان قۆناغی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە، لە هەمووشیان گرنگتر ساڵی 2000 و 2001، تاکو ئێستە، گەر باسی ئەو چەند ساڵە بکەین، بێگومان فشارێکی زۆر لەسەر ئەمەریکا هەیە لە چوارچێوەی هێزی خۆی لە عێراقدا بکێشێتەوە.
بەگوتەی ئەو، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کۆمەڵێک قەیران جیا جیا و بەتایبەت قەیرانی سیاسی تێدەپەڕێت، "ئێمە دەزانین قەیرانی سەربازی و سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای شەڕی ئیسرائیل و حەماس ڕاستەخۆ کاریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە."
ئەو شارەزایە دەڵێت: "هەموو ئەمانە دۆسییەکی گرنگن ئێستە لە نێوان پەیوەندییەکانی عێراقدا، ئێستە ئەمەریکا دیاری کردووە کە سەقامگیری عێراقی بە هەرێمی کوردستانەوە گرێ داوە."
د. هەوار نێروەیی دەشڵێت: "من دڵنیام ئەو پرس و گرفتانەی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان نەبووەتە فاکتەرێکی بەهێز لە نێوان پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراق کە ڕێککەوتنەکان جێبەجێ نەبن، ئەوەی زیاتر ڕێگر بووە و فاکتەری سەرەکی بووە دەستوەردانی دەرەکیی بووە بۆ ئەوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان حکوومەتی عێراقدا هەیە جێبەجێ نەکرێت."