وڵاتانی گرووپی 7 بەتێكڕای دەنگ ئیدانەی هێرشەكانی ئێران و پشتیوانی لە ئیسرائیل دەكەن

K24 – هەولێر:

وڵاتانی گرووپی 7 بەتێكڕای دەنگ ئیدانەی هێرشەكانی ئێران و پشتیوانی لە ئیسرائیل دەكەن.

لە راگەیه‌ندراوێكدا وڵاتانی گروپی 7 بەتوندی ئیدانەی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەكەن و داوا دەكەن هەمووان دانبەخۆیاندابگرن و دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز نەكەن.

سەرۆكی ئەنجوومەنی یەكێتی ئەوروپا دەڵێ، تێكڕا وڵاتانی ئەندامی گرووپی 7 ئیدانەی هێرشەكانی ئێرانمان كرد بۆسەر ئیسرائیل، هێرشەكان بەشێوەیەك بوون پێشتر هێرشی لەو جۆرە نەكراوەتەسەر ئیسرائیل.

داوا لە هەمووان دەكەن دانبەخۆیاندا بگرن. لە هەوڵەكانمان بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە بەردەوام دەبین و دەستبەجێ كۆتایهێنان بە قەیرانی غەززە و راگەیاندنی ئاگربەست.

سەرۆكی ئەنجوومەنی یەكێتی ئەوروپا ئاماژەبەوە دەكات هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی یەكێتی ئەوروپا لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست و لەناویشیدا لوبنان كۆدەبێتەوە.

شەوی شەممە، 13-04-2024، دەوروبەری کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسداران بوو کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.

دانیال هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل، توانیویەتی سەدا 99ـی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بخاتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگەنە ناو ئەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکە. گوتیشی، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران؛ کچێکی تەمەن 10 ساڵان بە سووکی لە باشووری ئیسرائیل بریندار بووە.

بە گوتەی بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل؛ ئێران لە هێرشەکەی شەوی رابردوویدا، 170 درۆن، 30 مووشەکی جۆری "کرووز" و 120 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و زۆرینەیان خراونەتە خوارەوە. هاوکات بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە، لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان خرانە خوارەوە.

هێرشەکەی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە؛ یەکێتیی ئەوروپا و هەر یەکە لە وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سعوودیە و چەندین وڵاتانی دیکەی ناوچەکە "بە توندی" هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد. وابڕیاریشە،  ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشەکە بکات.