پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ 11 ساڵەی کۆچی دوایی ئەحمەد چەلەبی
سەرۆک بارزانی: کۆچی دوایی ئەحمەد چەلەبی بۆشاییەکی گەورەی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا بەجێهێشت
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سیاسەتمەداری دیاری عێراقی، خوالێخۆشبوو دکتۆر ئەحمەد چەلەبی، ستایشی پێگە و خەباتی ناوبراوی کرد و رایگەیاند، چەلەبی هاوڕێیەکی نزیکی بووە و رۆڵێکی مێژوویی و لەبیرنەکراوی لە ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن و پرۆسەی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێدا گێڕاوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی بەبۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی دکتۆر ئەحمەد چەلەبی، سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق و کەسایەتیی دیاری سیاسیی عێراق بڵاوکردەوە.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئەمڕۆ یازدەهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سیاسەتمەداری دیاری عێراقی، خوالێخۆشبوو ئەحمەد چەلەبی تێدەپەڕێت. ئەحمەد چەلەبی هاوڕێیەکی نزیکی من بوو، کەسایەتییەکی نیشتمانیی و سیاسەتمەدارێکی کاریگەری عێراقی بوو، کە رۆڵێکی مێژوویی لە نێو ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و پرۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی عێراقی نوێدا گێڕا."
سەرۆک بارزانی باسی لە پێگەی سیاسیی چەلەبی کردووە و رایگەیاند: "کۆچی دوایی ئەو، بۆشاییەکی گەورەی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا بەجێهێشت، بەڵام رۆڵ و بەشدارییە بەنرخەکانی لە یادەوەریی مێژووی سیاسیی عێراقدا بە زیندوویی دەمێننەوە و شایستەی هەموو پێزانین و شانازیپێکردنێکن."
سەرۆک بارزانی نووسیویەتی: "خودای گەورە لە دکتۆر ئەحمەد چەلەبی خۆش بێت و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات و یادی بەخێر و ناوی بە بەرزی بمینێتەوە.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:
ئەمڕۆ یازدە ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سیاسەتمەداری ناسراوی عێراقیدا تێدەپەڕێت. خوالێخۆشبوو ئەحمەد چەلەبی دۆستێکی نزیکی من و کەسایەتیی نیشتیمانیی خاوەن پێگە و سیاسەتمەداری کاریگەری عێراقی بوو، رۆڵێکی مێژوویی لە ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و بنیاتنانەوەی عێراقی تازەدا گێڕا. کۆچی دوایی ئەحمەد چەلەبی بۆشاییەکی گەورەی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا بەجێهێشت و رۆڵی لە مێژووی سیاسیی عێراقدا جێگەی تەقدیرە.
یادی بەخێر و ناوی بە بەرزی بمینێتەوە.
رەحمەتی خودای گەورەی لێ بێت و جێگەی بەهەشتی بەرین بێت.
دکتۆر ئەحمەد چەلەبی، یەکێک بوو لە دیارترین سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق دژی رژێمی پێشوو و رۆڵێکی بەرچاوی لە پرۆسەی رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و داڕشتنەوەی عێراقی فیدراڵدا هەبوو، لە 3ی تشرینی دووەمی 2015 لە تەمەنی 71 ساڵیدا لە بەغدا کۆچی دوایی کرد.