رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی: گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان ئارام نییە

 گەرووی هورمز بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکان و ئەگەری دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان، لە دۆخێکی نائارامدا ماوەتەوە و رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی هۆشداری دەداتە کەشتییە بازرگانییەکان. رێکخراوەکە جەختدەکاتەوە، هێورکردنەوەی گرژییەکان مەرجی سەرەکییە بۆ گەڕانەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ دۆخی ئاسایی، بەتایبەت لەم کاتەدا مەترسییە ئەمنییانەی هەڕەشەن بۆسەر دەریاوانەکان.

سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژێکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، رێکخراوەکە گەرووی هورمز ئێستا بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان ئارام نییە. رایگەیاند، گەڕانەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ دۆخی پێش ململانێکان، پێویستی بە چارەسەرکردنی بنەماکانی ململانێکانە.

ناتاشا براون، سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی رێکخراوەکە روونیکردەوە، چارەسەرکردنی ئەو هۆکارانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی کەرتی دەریاوانی و رێکخراوەکەیە و پێویستی بە ئیرادەی سیاسی هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە.

بەپێی داتاکانی رێکخراوەکە ، ژمارەی ئەو هێرشانەی دژی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز پشتڕاست کراونەتەوە گەیشتووەتە 125 هێرش، 34 هێرشیان لە تشرینی یەکەمی رابردوودا بووە و بەهۆی ئەو رووداوانەشەوە 24 دەریاوان کوژراون.

لە دەریای سووریشدا، رێکخراوەکە لە ساڵی 2026دا، 6 هێرشی حووسییەکانی لە دژی کەشتییە بازرگانییەکان تۆمار کردووە، بەهۆیانەوە 4 کەس کوژراون. هاوکات لە کەنداوی عەدەن و ناوچەی رۆژئاوای زەریای هیند، لەمساڵدا 19 حاڵەتی پشتڕاستکراوی هێرش یان هەوڵی دەریایی و چەتەیی تۆمارکراون، 6 ئۆپەراسیۆنی رفاندنی کەشتییان لە خۆ گرتووە و بوونەتە هۆی کوژرانی 5 کەس. ئێستاشدا کەشتیی نەوتی "M/T ASANA" بە 22 دەریاوانەوە لەلایەن چەتەکانەوە دەستبەسەرە.

سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێران بۆ سەپاندنی رسووماتی تێپەڕبوون بەسەر کەشتییەکاندا، گوتەبێژی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی جەختیکردەوە، ئەنجوومەنی رێکخراوەکە جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستیی ئەوەی تێپەڕبوون لە گەرووەکە بەبێ هیچ رسوومات و تێچوویەک بێت، ئەوەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتننامەی رێکخراوەکە.

ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، هەر رێککەوتنێک لەنێوان وڵاتانی کەناراوەکانی گەرووەکەدا دەبێت مافی هەموو کەشتییەک بۆ تێپەڕبوونی ئاسایی بەبێ جیاکاری مسۆگەر بکات. هەر پێشنیارێکی نوێش سەبارەت بە سیستمی جیاکردنەوەی هاتوچۆ، دەبێت پێش جێبەجێکردن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لەلایەن هەموو وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکەوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.

لەبارەی پێشهاتەکانی دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب، ناتاشا براون جەختی کردەوە: "ئاستی مەترسییەکان هێشتا بەرزە". رێکخراوەکە داوای لە خاوەن کەشتییەکان کرد، پێش تێپەڕبوون بە ناوچەکەدا، پێداچوونەوەیەکی گشتگیری مەترسییەکان بکەن و پابەندبوون رێکارە کارگێڕییەکان بن. رێکخراوەکە جەختیشیکردەوە، دەریاوانەکان شایەنی پاراستنن و دەبێت لە ژینگەیەکی ئارامدا کاری خۆیان بکەن.