چابی ئالۆنسۆ کۆتایی بە سەردەمی زێڕینی بایرن میونشن هێنا

چاڤی ئالۆنسۆ لەکاتی بەرزکردنەوەی نازناوی بۆندزلیگا
چاڤی ئالۆنسۆ لەکاتی بەرزکردنەوەی نازناوی بۆندزلیگا

بایەر لیڤەرکوزن بە راهێنەرایەتی چابی ئالۆنسۆی ئیسپانی بۆیەکەمجار لە مێژووی یانەکەدا بوونە پاڵەوانی بۆندزلیگا.

چابی ئالۆنسۆی ئیسپانی خەونی گەورەی لیڤەرکوزنی بەدیهێنا، کە یەکەمجارە لە مێژووی 120 ساڵەی دامەزراندنی یانەکەدا ئەو رووداوە گەورەیە رووبدات، پێشتر بۆ 11 ساڵی لەسەر یەك بایرن میونشن نازناوی بۆندزلیگای بەدەستهێنابوو بەڵام راهێنەرە لاوەکە ستۆپی پێکردن.

ئەم وەرزە لیڤەرکوزن بە کاتێکی نموونەییدا تێدەپەڕێت و 43 یاریی لەسەر یەکە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان تووشی دۆڕان نەبوون.

لەلایەکی دیکەوە یانەکە چەند هەنگاوێك لە بەدەستهێنانی دوو نازناوی دیکەوە دوورە، بەشێوەیەك یەك یاریی دیکە بباتەوە دەبێتە پاڵەوانی جامی ئەڵمانیا و بە بردنەوەی چوار یاریی دیکە نازناوی یۆروپالیگ بەدەستدەهێنێت.

بەهۆی ئەنجامە باشەکانییەوە چەند یانەیەکی بەناوبانگی ئەوروپا هەوڵی رازیکردنی چابی ئالۆنسۆ، راهێنەری ئێستای لیڤەرکوزن دەدەن، کە دیارترینیان بریتین لە یانەکانی ریاڵ مەدرید، لیڤەرپوول، بایرن میونشن و چەند یانەیەکی دیکە.