کارکردنی منداڵان لە عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە

K24 - هەولێر
خراپی بارودۆخی دارایی و نەبوونیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، خێزانە عێراقییەکانی ناچار کردووە منداڵەکانیشیان بۆ کارکردن بنێرنە دەرەوە و لە خوێندن دایانبڕێنن.
رێكخراوی ستراتیجیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا باس لەوە دەکات، لە جیهان 200 ملیۆن منداڵ لە تەمەنی 6 بۆ 17 ساڵ لە بازاڕەكاندا كار دەكەن، کە رێژەی 80%ـیان لە رەگەزی نێرینەن.
لەو ژمارەیەدا، هەردوو کیشوەری ئەمەریکا رێژەی 5٪، ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست 4٪ و وڵاتانی عەرەبیش 3٪ و ئەفریقاش 36٪ـی بەردەکەوێت.
لەنێو وڵاتانی عەرەبیدا، نزیکەی 9 ملیۆن منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ هەن کە لە دەرەوە کار دەکەن، لە ڕیزبەندییەکەدا عێراق پلەی چوارەمی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی گرتووە، کە تێیدا 700 هەزار منداڵی تەمەن 6 بۆ 17 ساڵ کاردەکەن. منداڵە عێراقییەکان بەشێکیان لە كەرتی پیشەسازی، كشتوكاڵ و خزمەتگوزاریی و بەشەکەی دیکەشیان ڕۆژانە لە سەر شەقام و لەنێو بازاڕەکاندا کار دەکەن.
ڕێکخراوەکە هۆکاری کارکردنی منداڵانی عێراقی لە چەند خاڵێکدا کۆ کردووەتەوە کە ئەوانیش، گەندەڵی، هەژاری، ململانێ سیاسییەکان، جەنگ، ئاوارەبوون، توندوتیژیی خێزانیی دژی منداڵان، لاوازیی دەسەڵاتی یاسادانان و ستراتجیی یاسایی بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان.