کارزان هادی: پرۆژەکانی کابینەی نۆیەم نەبوایە زیانەکانی لافاوەکە زیاتر دەبوون
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاشکرای دەکات، بەهۆی جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم، خاڵەکانی دروستبوونی لافاو لە هەولێر لە 40 شوێنەوە بۆ تەنیا پێنج شوێن کەمکراونەتەوە، جەختیش دەکاتەوە رێژەی ئەو بارانەی باری پێچەوانەی پێشبینییەکان بوو و گەیشتە سەرووی 100 ملم.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی کوردستان24، باسی لە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی لافاو کرد و رایگەیاند: "لە دوای لافاوەکەی ساڵی 2021ـی شاری هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر و لەگەڵ بەڕێوەبەر و یەکە کارگێڕییەکان کۆبووەوە بە مەبەستی دانانی پلانێکی تۆکمە بۆ رێگریکردن لە لافاو؛ دڵنیاتان دەکەمەوە ئەگەر ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی کابینەی نۆیەم نەبووایەن، زیانەکانی شەوی رابردوو زۆر لەوە زیاتر دەبوون."
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کار لەسەر دروستکردنی 18 پۆند لە شاری هەولێر دەکرێت کە بەشێکیان تەواو بوون و بەشێکی دیکەشیان کاریان تێدا دەکرێت، هەروەها ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی ستراتیژیی ئاوەڕۆی سندووقی بە گوژمەی سەرووی 40 ملیار دینار جێبەجێ کراون.
گوتیشی: "پێشتر لە هەولێر سەرووی 40 شوێنمان هەبوو کە کێشەی دروستبوونی لافاویان هەبوو، بەڵام دوای جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە ئێستا تەنیا پێنج شوێن ماونەتەوە کە بەهۆی بچووکیی قەبارەی ئاوەڕۆکانیان ئاو دەمێنێتەوە."
سەبارەت بە ئاستی بارانبارینەکە، کارزان هادی روونی کردەوە: "بەپێی ئەو پێشبینییانەی پێمان درابوو، بڕیار بوو 25 بۆ 30 ملم باران ببارێت و تیمەکانمان لە هەموو ئەو شوێنانەی گومانی لافاویان لێ دەکرا جێگیر کرابوون و مەنهۆڵەکانیش خاوێن کرابوونەوە، بەڵام بەپێی داتاکانی ئاودێریی هەولێر بارانەکە گەیشتە سەرووی 100 ملم."
ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرترین زیانەکان لە سنووری شارەوانیی سێ بووە کە رێگەی پیرمام بۆ کۆیە دەگرێتەوە، هەروەها پۆندی کەسنەزان کە ساڵی رابردوو بە درێژایی ساڵ سەرڕێژ نەبووبوو، بەڵام لە شەوی رابردوودا مەترێک زیاتر سەرڕێژ بووە؛ راشیگەیاند کە بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان، لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە پێکهێنراوە.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە دوای ساڵی 2021، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان بۆ پێدانی مۆڵەت بە هەر پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان ئەوەیە، دەبێت بە فلتەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری و ئاوەڕۆدا تێپەڕێت و هیچ پڕۆژەیەک مۆڵەتی پێنادرێت تا تەواوی رێکارە ئەندازیاری و کارگێڕییەکان جێبەجێ نەکات.
کارزان هادی دەستخۆشی لە سەرجەم تیمەکانی هێزە ئەمنییەکان، شارەوانی و بەرگریی شارستانی کرد کە بەردەوام لە خزمەتدا بوون و رایگەیاند، تاوەکو سبەی ئێوارە سەرجەم شوێنەکان بە تەواوی خاوێن دەکرێنەوە.
سەرۆکی شارەوانی داوای لە هاووڵاتییان کرد هاوکاری تیمەکان بن و گوتی: "بەداخەوە هەندێک لە هاووڵاتییان لە کاتی لافاودا بۆ وێنەگرتن دێنە ئەو شوێنانە و رێگری دروست دەکەن، یان بەشێکیان پاشماوە و زبڵ فڕێدەدەنە ناو رێڕەوی ئاوەڕۆکان، داواکارین هەمووان هاوکارمان بن تاوەکو شارەکە لە هەموو رووداوێکی نەخوازراو بەدوور بێت."