توركیا: ھەڵمەتی دەستگیركردن، پشكنەری بانكەكانیشی گرتەوە

سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆل: پێویستە زاواكەم باجی كردەوەكانی بدات

 

ھەڵمەتەكانی گرتنی لایەنگرانی فەتحوڵڵا گولەن، كە ئەنقەرە بە ئەنجامدەری كودەتاكەی مانگی ڕابردووی وڵاتەكەی تۆمەتباری دەكات، بەردەوامن. لە درێژەی پرۆسەكەدا، پۆلیسی توركیا ژمارەیەك پشكنەری بانك و مامۆستای زانكۆكانی دەستگیر كرد.

لەچوارچێوەی ئەو ھەڵمەتانەدا، ھێزەكانی پۆلیس لە ئیستەنبۆل و قۆنیا ھەڵیانكوتایە سەر ماڵ و نووسینگەكانی ژمارەیەك مامۆستای زانكۆ و 44 مامۆستای زانكۆی ئیستەنبۆل و 29ی دیكەی زانكۆی قۆنیایان دەستگیر كرد.

ھاوكات پۆلیسی توركیا بە گومانی ئەوەی ساڵی 2013 لە كاتی لێكۆڵینەوە لە حیسابی دەزگایەكی تایبەت بە حكوومەت و ژمارەیەك خاوەن كار و سەرمایەداری نزیك لە ئەردۆغان، سەرپێچیان كردووە،  29 پشكنەری بانكییان لە دەزگای چاودێری و سەرپەرشتیی بانكەكان دەستگیر كردووە.

پەیوەست بەم ھەڵمەتانە محەممەد شیمشەك، جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا راگەیاند، حكوومەتەكەی لەگەڵ بانكەكاندا لە گفتوگۆ دایە بۆ بڕینی ھاوكاریی دارایی لەو كۆمپانیایانەی سەر بە گولەن.

لەلایەكی دیكە دەزگای پشكنینی دارایی، بە دوای دەستگیركردنی 18 خاوەن كار و سەرمایەداری ئیستەنبۆلە و یاداشتی دەستگیركردنیشی بۆ عومەر فاروق قاورمەچی، زاوای قادر توباش، سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆل دەركردووە.

لای خۆیەوە توباش، كە یەكێكە لە سەركردەكانی (ئاكەپە)، جەختی لەسەر ئەوە كردووە، ئەگەر زانیارییەكان دروست بن، ئەوا پێویستە زاواكەی  باجی كردەوەكانی خۆی بدات.

بە گوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی بلۆمبێرگ، كە لە زاری بەرپرسێكی ئیدارەی ئۆباما بڵاوی كردوونەتەوە، لە چەند رۆژی داھاتوودا، وەزارەتی دادی ئەمریكی تیمێك رەوانەی توركیا دەكات بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە بانگەشەكانی حكوومەتی توركیا بكەن، بەوەی كە فەتحوڵڵا گولەن تاوانكاری كردووە و كودەتاكەی مانگی رابردووی توركیای ئەنجام داوە.

Fly Erbil Advertisment