نیویۆرك بەڕە لەژێر پێی لەندەن دەردێنێت

چیتر لەندەن پاشای عەرشی وەبەرھێنان نییە

 

نیویۆرك نازناوی (گەورەترین شاری وەبەرھێنانی بواری بازرگانی و خانووبەرە) لە لەندەن وەردەگرێتەوە و سەرنجی وەبەرھێنەرانی دونیا بەلای خۆیدا رادەكێشێت.

نیویۆرك عەرشی گەورەترین شاری دونیای لە بواری وەبەرھێنانی سەرمایەی بیانی لە لەندەن وەرگرتەوە، ئەویش بە ھۆی دەرھاویشتەكانی دوای دەنگدان لەسەر ھاتنەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوڕوپا.

زانیارییەكان لە بواری مامەڵە بازرگانییەكان ئاماژە بە دڵەڕاوكێیەكی گەورەی وەبەرھێنەران دەدەن، بە جۆرێك قەبارەی وەبەرھێنانی سەرمایەی بیانی لە بواری خانووبەرە لە لەندەن بەراورد بە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2015، لە شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا بە رێژەی 44% دابەزیوە.

لەم رووەوە سندووقی سامانی سەروەریی نەرویجی، كە یەكێكە لە گەورەترین وەبەرھێنەرانی بیانی لە بەریتانیا رایگەیاند، بە ھۆی ریفراندۆمەوە رێژەی 5% لە وەبەرھێنانی خۆی لەو وڵاتەدا دابەزاندووە.

لەلای خۆیشییەوە دێڤید گرین مۆرگان، بەڕێوەبەری بازاڕە جیھانییەكانی سەرمایە لە جۆنز لانزی شیكاگۆ دەڵێ: " مایەی نیگەرانییە لەندەن رێژەیەكی زۆری كار و رۆڵی خزمەتگوزاریی دارایی لەدەست دەدات، كە پێشتر بە ھۆیانەوە ببووە ناوەندیی دارایی جیھان".

بەپێی خشتەی داتاكانی جۆنز لانز، بەراورد بە لەندەن، كە لە شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا بڕی 6،9 ملیار دۆلار وەبەرھێنانی سەرمایەی بیانی ھەبووە، ھەر لەو شەش مانگەدا بە بڕی 10،3 ملیار دۆلار، سەرمایەی بیانی رووی لە بازاڕەكانی وەبەرھێنانی نیویۆرك كردووە.

ئەمە لەكاتێكدایە كە لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2015، بڕی سەرمایەی بیانی وەبەرھێندراو لە لەندەن 12،4 ملیار دۆلار بووە، كەچی ئەوەی نیویۆرك 11،3 ملیار دۆلار بووە.