پۆلیسی ڕاپەڕین: ڕووداوەکەی حاجیاوە خۆکوشتن بوو

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە بارەی هۆکاری ڕووداوەکەی گەڕەکی سەردەمی شارۆچکەی حاجیاوە کە ئەفسەرێکی پاسەوانی سنوور بە مردوویی دۆزرایەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ڕووداوەکە خۆکوژی بووە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: دوای ئەوەی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی 15ی نیسانی 2024 لە گەڕەکی سەردەمی شارۆچکەی حاجیاوا لە ڕووداوێڪدا کەسێک بە ناوی (ئەحمەد حەمەد ڕەسوول) بەستەستێنی تەمەن 54 ساڵ بە پلەی عەقید لە پاسەوانی سنوور بە فیشەک مردبوو، دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون دەرکەوت ڕووداوەڪە خۆکوژییە و هیچ پەیوەندی بە کوشتنی ئەنقەست و کێشەی کۆمەڵایەتیی و تیرۆروە نییە.

هەروەها پۆلیسی ڕاپەڕین هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەند شوێنێکی دیکە بڵاوکراوەتەوە، گوایە ڕووداوەکە کوشتنی بە ئەنقەست بووە.

بە گوتەی کەسوکاری ئەفسەرەکە کە قسەیان بۆ پۆلیسی ڕاپەڕین کردووە، قوربانییەکە ماوەیەکە تووشی تێکچوونی دەروونی بووە.