نەتەوە یەکگرتووەکان: نزیکەی 14 هەزار منداڵ لە غەززە کوژراون

K24- هەولێر

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا زیاتر لە 13 هەزار و 800 منداڵ لە کەرتی غەززە کوژراون.

کاترین ڕوسیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک ڕایگەیاند، بەپێی بەیاننامەیەکی ڕێکخراوەکەی، هەزاران کەس تووشی برسێتی بوون و هەزاران کەسیش لە لێواری برسێتیدان.

ڕوسیل، لە سەردانێکی دوو ڕۆژەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داوای لە لایەنەکانی ململانێ کرد، هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکەن، ئاگربەستی دەستبەجێ لە کەرتی غەززە جێبەجێ بکەن، ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە هاوکاری مرۆیی بێ سنوور و خۆیان لە هەر کارێکی توندوتیژیش بەدوور بگرن".

لە بەیاننامەیەکی دیکەدا، ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکسانی جێندەری و بەهێزکردنی ژنان ڕایگەیاند، لە غەززە هەر 10 خولەکێکدا منداڵێک بریندار دەبێت یان دەمرێت.

تێس ئینگرام، گوتەبێژی یونیسێف، کە بەم دواییە سەردانی غەززەی کرد، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ ڕایگەیاند، ئەوەی سەرسامی کردووم، "ژمارەی ئەو منداڵە بریندارانە بوو کە بینیومە".

ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، "نەک تەنها لە نەخۆشخانەکان، بەڵکو لەسەر شەقامەکان، لە پەناگە کاتیەکانیان، لە ژیانی هەمیشەیی گۆڕاویان تێیدا دەژین، بریندار و نەخۆش و برسی هەن".

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

Fly Erbil Advertisment