تورکیا: ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا رۆڵ بگێڕین
K24 - هەولێر:
ئالپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئامادەن لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا بە شەفافییەوە رۆڵبگێڕن.
بایراکتار راشیگەیاند، رۆژی دووشەممە سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بەغدا و دواتریش لەوانەیە سەردانی هەولێر بکات، خۆیشی لە شاندەکە دەبێت.
باسی لەوەشکرد، بۆریی نەوتی نێوان تورکیا و عێراق دەتوانێت رۆژانە 1.4 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە بەو قەبارەیە هەناردەبکرێت و دەیانەوێت تەواوی توانای بۆرییەکە بەکاربهێنن.
ئالپئارسلان بایراکتار جەختیشی لەوەشکردهوه، کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوت پەیوەندیی بە تورکیاوە نییە و لە 4ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بۆرییەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادەن.
پێشتریش حهییان عهبدولغهنی وهزیری نهوتی عێراق، به كوردستان24ـی ڕاگهیاندبوو، بڕی بهرههمێنانی نهوت لە هەرێمی کوردستان به گوێرهی بودجهی گشتی عێراق 375 تا 400 ههزار بهرمیل نهوته لە ڕۆژێکدا.
وهزیری نهوتی عێراق ههروهها گوتبوشی: "پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەو کێڵگانەی دەکەونە هەرێمی کوردستان کارا دەکەینەوە".
دوای ساڵێک لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لوولەی نەوتی عێراق – تورکیا، 11 ملیار دۆلار زیان بە داهاتی عێراق کەوتووە و 400 ملیۆن دۆلاریش وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکور وەستاوە.
سەرەڕای ئامادەیی حکوومەتی تورکیا و هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق ئامادە نییە هەناردەی نەوت دەست پێبکاتەوە، ئەپیکوریش دەڵێ، پێویستە بەزووترین کات هەناردەی نەوت دەست پێبکاتەوە و ئەوەی لەسەری ڕێککەوتوون وەک خۆی بمێنێتەوە.