راوێژکاری نەوشێروان مسته‌فا داوای دوو ئیدارەیی دەکات

K24 - هه‌ولێر:

رێبین هه‌ردی، راوێژكاری نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ وتارێكدا، له‌ ژێر ناوی "شكستی یه‌ك ئیداره‌یی" كه‌ له‌ وێبسایتی ئاوێنه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌، داوای دوو ئیداره‌یی ده‌كات.

راوێژكاره‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا، هه‌رچه‌نده‌ باس له‌ ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كان ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ زۆرترین حوكمڕانی كوردی به‌هۆی قه‌بوڵنه‌كردنی ناوخۆییه‌وه‌ شكستییان هێناوه‌، به‌ڵام له‌ به‌شێكی وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "لەدۆخێکی وادا کاری راست جیابونەوەی ئەم دو زۆنەیە لەیەکدی‌و رێکخستیان لەناو دو هەرێمی جیاوازدا، لانیکەم بۆ ئەوەی خەڵکی هەریەک لەو زۆنانە بۆ یەکەمجار یەک حکومڕان‌و بەرپرسیار لەبەردەمی خۆیاندا ببینن کە بتوانن بەرپرسیاری بکەن لەو پێشهاتنەی دێتە پێشێ".

راوێژكاره‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "ئەم دو زۆنە کە سورن لەسەر ئەوەی هیچ یەک لەو رەگەزانە لەدەست نەدەن کە باڵادەستی بەسەر زۆنەکەی خۆیاندا بۆ مسۆگەر کردوە، وا باشترە لەگەڵ خەڵک‌و مێژودا راستگۆ بن‌و لەدو هەرێمی جیاوازدا خۆیان رێکبخەن، نەک خۆیان‌و خەڵکیش بەدرۆی یەک ئیدارەیی‌و یەک هەرێمیەک بخەڵەتێنن کە هەرگیز نەیتوانییوە یەک هەرێم‌و یەک ئیدارەی یەکانگیرو تەندروست بێت".