پۆلیسی ئەمەریکا دەیان قوتابی زانکۆی دەستگیر کرد
K24 - هەولێر
دەیان قوتابیی زانکۆکانی ئەمەریکا لەبەر بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانی داوای ڕاگرتنی شەڕی غەززە، دەستگیر کران.
بەتۆمەتی دروستکردنی پشێوی، پۆلیس دەیان قوتابی زانکۆکانی ئەمەریکا کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکان بۆ ڕاگیرانی شەڕی غەززە کردبوو دەستگیر کرد.
لەو بارەیەوە، زانکۆی ئیندیانا بڵاوی کردەوە، زیاتر لە ٢٥ قوتابی زانکۆکەیان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون.
لەلایەکی دیکەوە، چالاکوانانی زانکۆی کۆڵۆمبیا باس لەوە دەکەن، لە هەفتەی ڕابردووەوە زیاتر لە 100 قوتابی ئەو زانکۆیە کە بەشداربوون لە خۆپیشاندانەکان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون.
خۆپیشاندانی قوتابیانی زانکۆ لە ئەمەریکا بۆ داوای ڕاگرتنی شەڕی غەززە بەردەوامە، خۆپیشدانەکان ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبن و قوتابیانی چەند زانکۆیەکی کەنەدا هاوشێوەی ئەمەریکا دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە.