ڕاوێژکاری ئەڵمانیا: سەرباز و مووشەک ڕەوانەی ئۆکرانیا ناکەین

ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا | وێنە: Markus Schreiber / AP
ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا | وێنە: Markus Schreiber / AP

K24 - هەولێر

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا جارێکی دیکە ڕەتی کردەوە سەرباز و مووشەکی جۆری تاوەرس ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات. دەشڵێت: ئەگەر سەرباز و مووشەک ڕەوانەی ئۆکرانیا بکەن، وەک ئەوە وایە ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە شەڕی دژی رووسیادا کردبێت.

لە گوتارێکدا لەبەردەم پارتی سۆسیال دیموکراتی وڵاتەکەی، ئۆلاف شۆڵتز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا جارێکی دیکە ڕەتی کردەوە، هیچ نیازێکییان بۆ ڕەوانەکردنی سەرباز و مووشەکی جۆری تاوەرس بۆ ئۆکرانیا هەبێت.

شۆڵتز ڕاشیگەیاند، ئەگەر سەرباز یاخود مووشەکی پێشەکەوتوو ڕەوانەی ئۆکرانیا بکەن، وەک ئەوە وایە ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە شەڕی دژی رووسیادا کردبێت، کە ئەمە بەلای ئەوانەوە گونجاو نییە.

ڕاوێژکارەکەی ئەڵمانیا جەختی لەوەش کردەوە، لە داهاتووشدا ناتۆ ناچێتە شەڕی راستەوخۆوە لەگەڵ رووسیا و سەرباز رەوانەی ئۆکرانیا ناکات.

لە شوباتی ساڵی 2022دا، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کرد، هەروەها بەدەیان هەزار سەرباز و خەڵکی سڤیل کوژران و بریندار بوون، لەهەمانکاتدا هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا هاوکاری لۆجیستیان پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە، لە نوێترین پاکێجی هاوکارییەکان، ئەمەریکا زیاتر لە 60 ملیار دۆلاری بۆ کیێڤ تەرخان کرد.