چەند کاتژمێرێکە لوولەیەکی غاز لە کەرکووک شکاوە

K24 - هەولێر
نزیکەی پێنج کاتژمێرە لوولەیەکی غاز لە نزیک گوندێکی باشووری کەرکووک شکاوە. ڕووداوەکە زیانی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە و ناردنی غاز لە ڕێگەی لوولەکەوە ڕاگیراوە.
هێمن دەلۆ، پەیامنێری کـوردستان24 لە کەرکووک ڕایگەیاند، لە نزیکەی کاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممەوە، 29-04-2024، لە نزیک گوندی قزلیاری باشووری شاری کەرکووک، لوولەیەکی غاز شکاوە کە غازی ڕەوانەی کۆمپانیای غازی باکوور دەکرد.
پەیامنێری کـوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، چەند خولەکێک دوای شکانی لوولەکە، بۆنی غاز بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دوروبەری گوندی قزلیار بڵاوبووبووەوە، بۆیە لە ترسی گڕگرتنی، گوندەکە بە تەواوەتی چۆڵ کراوە.
ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمە تەکنییەکانی کۆمپانیای غازی باکوور سەرقاڵی چاککردنەوەین. بەرپرسانی کۆمپانیاکە بە پەیامنێری کوردستان24ـیان ڕاگەیاند، رووداوەکە تیرۆریستی نەبووە و ناردنی غاز ڕاگیراوە.
بە گوتەی بەرپرسانی کۆمپانیای غازی باکوور، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا لوولەکە چاک دەکرێتەوە و غاز ڕەوانەی کۆمپانیاکە دەکرێت. لەبارەی زیانەکانیش، هەمان سەرچاوە ڕوونیکردەوە، ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەوە.