ئەحمەد مشەختی: گرووپە هونەرییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشدارییان لە فێستیڤاڵی سەمای دهۆک کردووە

K24 – هەولێر:

سەرپەرشتیاری هونەری فێستیڤاڵی سەمای دهۆک ڕایگەیاند، 13 گرووپ لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکە کردووە و لە بەرنامەیاندایە بۆ ساڵانی داهاتوو، فێستیڤاڵەکە بە نێودەوڵەتی بکەن.

ڕۆژی دووشەممە (29ـی نیسانی 2024) ئەحمەد مشەختی، سەرپەرشتیاری هونەری فێستیڤاڵی سەمای دهۆک ئاماژەی بە وردەکارییەکانی فێستیڤاڵی سەمای دهۆکی ئەمساڵ دا و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زیاتر لە 400 مێوان بەشداریی لە فێستیڤاڵەکە دەکەن.

سەرپەرشتیاری هونەری فێستیڤاڵی سەمای دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد: شەش گرووپ لە ڕۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوای کوردستان ئامادەی فێستڤاڵەکەن و حەوت گرووپی دیکەش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەشدارن.

ئەحمەد مشەختی دووپاتیکردەوە، لە هەوڵی ئەوەدان فێستیڤاڵی سەمای دهۆک بکەن بە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی و زیاتر بە جیهانی بناسێنن.

فێستیڤاڵی سەمای دهۆک بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 لە هۆلی کۆنفرانسەکانی سەرنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی دهۆک بەڕێوەدەچێت و ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

Fly Erbil Advertisment