ئۆپۆزسیۆنی سوریا نییه‌تی هێرشكردنه‌ سه‌ر جه‌رابلوسی هه‌یه‌

له‌ توركیاوه‌ ئاماده‌كاری بۆ كراوه‌ و سه‌دان چه‌كدار بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر

به‌رپرسێكی ئۆپۆزسیۆنی سوریا راگه‌یاند به‌ سه‌دان چه‌كدارییان ئاماده‌ كردبووه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر چه‌كدارانی داعش له‌ شاری جه‌رابلوس و كۆنترۆڵكردنی شاره‌كه‌.

چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆن له‌ ژێر ئاڵای سوپای سوریا ئازاد له‌ناو سنووری باكووری كوردستان كۆ كراونه‌ته‌وه‌ و پێشبینی ده‌كرێت به‌م زووانه‌ له‌ ناوخۆی توركیاوه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر شاری جه‌رابلوس.

له‌ ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی ئه‌م پلانه‌، هه‌وڵی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كانی نێوان رووباری فورات و عه‌فرین له‌ بار ده‌چێت كه‌ پێشبینی ده‌كرێت پاش رزگاركردنی منبج، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌ره‌و عه‌زاز و جرابلوس پیشڕه‌وی بكه‌ن.

جه‌رابلوس له‌ لای رۆژئاوای رووباری فورات له‌ نزیك سنووری باكووری كوردستان هه‌ڵكه‌وتووه‌ كه‌ تاكه‌ شاری ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشه‌ كه‌ ئه‌م گرووپه‌ به‌ توركیاوه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و 54 كیلۆمه‌تر له‌ شاری ره‌قه‌ دووره‌.

به‌ كۆنترۆڵكردنی شاری جه‌رابلوس له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆن پیشی به‌ هێرشی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌گیرێت كه له‌ رۆژی شه‌شی ئاب‌ به‌ پشتگیری هه‌وایی هاوپه‌یمانان شاری منبجیان له‌ چه‌كدارانی داعشی پاك كرده‌وه‌ كه‌ ته‌نیا 30 كیلۆمه‌تر له‌ جه‌رابلوسه‌وه‌ دووره‌.