پسپۆڕێکی کەشوهەوا: جووتیارێکی زۆر هەیە کشتوکاڵی زیرەک بەکاردەهێنن

K24 - هەولێر

 پسپۆڕێکی کەشوهەوا دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا بابەتێکی هەنوکەییە، پێمان وایە عێراق لە ڕیزبەندەکانی پێشەوەیە لە خراپی کەشوهەوا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30-4-2024، د. سلێمان عەبدوڵڵا، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی کەشوهەوا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا بابەتێکی هەنوکەییە، لەساڵی 1991 بەدواوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کەشوهەوا گۆڕانکاری زۆری بەخۆیەوە بینیووە، چونکە پەیوەستە بە چالاکییەکانی مرۆڤەوە، هەروەها گۆڕانکارییەکانیش زۆر خێرایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئاماژەکان کە گۆڕانی کەشوهەوا لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، بەڵام لایەنە نەرێنییەکانی زۆر زیاترە، عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێکراوە ڕەنگە پێنجەم وڵات بیت کە کاریگەری کەشوهەوا و دیاردەی بەبیابانبوونی لەسەر بێت، بەڵام ئێمە پێمان وایە لە ڕیزبەندی یەکەم و دووەم و سێیەم بێت نەک پێنجەم.

سلێمان عەبدوڵڵا باسی لەوەشکرد، خراپی بەکارهێنانی زەوی لەلایەن جووتیارانەوە، چونکە ئاوێکی زۆر بەکاردەهێنن، کە ئەگەر سەیری نەخشەی سروشتی عێراق بکەین، لەناوچەی بەعقوبەوە هەتا باشووری عێراق، دەشتی نیشتەنی خوێیەکی یەکجار زۆری کەڵەکەبووی لێ پەیدابووە، بەبیابانبوونیش بریتییە لە کەمبوونی توانستی خاک لەبەرهەم هێنان، کە ئەمە دووچاری کوردستانیش بووەتەوە، کە ئێستا هیچ بەرووبوومێک لەکوردستان بەرهەم نایێت بەبێ پەینی کیمیاوی.

ڕاشیگەیاند، بۆ ڕێگریکردن لە دیاردەی بەبیابانبوون کارێکی "دەستە جەمعی" دەوێت، لەسەر ئاستی حکوومەتەکان و وەزارەتەکان، کە کارێکی یەکجار زۆری دەوێت، لەلایەک پاراستنی ئەو دەرامەتە ئاوییانە و باشتر بەکارهێنانیەتی، لەکوردستان پێشتر بڕێکی زۆر ئاو بەکاردەهات بۆ کشتوکاڵکردن، بەڵام لە ئێستادا ئەگەر سەیری بکەین، جووتیارێکی زۆر هەیە کشتوکاڵی زیرەک بەکاردەهێنن.