دادگای فیدراڵی هەڵوەشاندنەوەی نوێنەرایەتییەکانی پەروەردەی عێراقی لە هەرێمی کوردستان ڕەت کردەوە
K24 - هەولێر
دادگای فیدراڵی سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەرێمی کوردستان ڕەت کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30-04-2024، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەرێمی کوردستان، کە لە دژی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری پەروەردەی فیدراڵی تۆمارکرابوو، ڕەتکردەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق هۆی ڕەتکردنەوەی سکاڵاکەی بۆ "نەبوونی مەرجی بەرژەوەندیی بۆ تۆمارکردنی سکاڵا" گەڕاندووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی چاودێریی ئاراستەی کەرتەکانی خزمەتگوزاریی و پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق لەگەڵ ئیبراهیم نامس جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق و ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی لەبارەی هەموو ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق بووەتەوە ئاگادار کراوەتەوە، هاوکات ئاماژە بە هەنگاوەکانی هاریکاری وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵی و وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کرا بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن بە گوێرەی وەرزی ساڵی خوێندن.
هەروەها سوودانی ئاماژەی بە گرنگی دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندنی بۆ قوتابیانی قوتابخانە عەرەبییەکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بۆ ئەم ساڵ و ساڵانی داهاتووش هەر بەردەوام بێت، هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ کەرتی پەروەردەیی دەربڕی بۆ دڵنیابوون لە بەدیهێنانی ئامانجی پەروەردەیی و دابینکردنی خزمەتگوزاری پەروەردەیی بۆ هەموو خوێندکارانی عێراق وەک بەشێک لە ستراتیجیی پەروەردە، وەک ئەوەی لە کارنامەی حکوومەتدا هاتووە.
هەر ئەمڕۆ لە هەولێریش قوتابییانی خوێندنی پەروەردەی عێراق خۆپیشاندانێکیان بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیاری داخستنی نووسینگەکانی پەروەردە و بە زۆر گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و داخستنی کەمپەکان ڕێکخست و داوایان لە سوودانی دەکرد لە بڕیاری داخستنی قوتابخانەکانی خوێندنی پەروردەی عێراق پاشگەزبێتەوە و ڕێگە بدرێت لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بمێننەوە و لە خوێندن بەردەوام بن.