موعین کازمی: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا خشتەی بودجه‌ی 2024 ده‌گاته په‌رله‌مانی عێراق

K24 – هەولێر:
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، له‌م ڕۆژانه‌دا خشته‌ی بودجه‌ی 2024 ده‌گاته په‌رله‌مانی عێراق و پێشبینی ده‌كرێت پشووی وه‌رزی یاسادانان درێژ بكرێته‌وه تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌م خشتەیە په‌سه‌ند ده‌كرێت.
موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، خشته‌ی بودجه‌ی 2024 پێویستی به مانگێكه بۆ ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت و له‌م ڕۆژانه‌دا خشته‌كه ده‌گاته په‌رله‌مان.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لەوەش دەکات، پێشبینی ده‌كرێت پشووی وه‌رزی یاسادانان درێژ بكرێته‌وه تا ئه‌و كاته‌ی خشتەی بودجە په‌سه‌ند ده‌كرێن، چونكه ئه‌م پرسه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه پێویستی به مانگێكه تاكو له‌لایه‌ن لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكه‌ن و په‌سه‌ند بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه.
بەپێی زانیارییەکان، بودجەی ساڵی 2024 عێراق 228 ترلیۆن دینارە، بەڵام ڕێژەی کورتهێنان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و بەزیاتر لە 80 ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، زیاتر لە 100 ترلیۆن دیناری بودجەش بۆ مووچەی فەرمانبەران دانراوە، پەرلەمان چاوەڕێی ناردنی خشتەی بودجەیە پێش دەستپێکردنی پشووی یاسا دانان.
پشکی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەتایبەتی ئەو پارێزگایانەی ڕێژەی هەژاری لە ئاستێکی بەرزدا و کێشەی خزمەتگوزارییان هەیە، ناکۆکی لەنێوان فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دروست کردووە و رازی نین لەو بودجەی کە بۆ پارێزگاکانیان تەرخان کراوە.
ڕۆژی یەكشەممە، (28ـی کانوونی دووەمی 2024) ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا و هەولێر، لەسەر ئەوە کۆکن کە دەبێت یاسای گشتیی بودجەی فیدراڵی عێراق هەموار بکرێتەوە".
ئامانج رەحیم گوتی، "بە شێوەیەکی سەرەتایی لەگەڵ حکومەتیی فیدراڵی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە ڕێک کەوتووین، چاوەڕوانیمان ئەوەیە دانیشتنی دووەمی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بکرێت بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بە جۆرێک ئەو لەمپەرانەی لە ماددەکانی 12،11، 13 و 14ـدا هەن و ڕێگرن لە ڕەوانەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لاببرێن".