وەزارەتی گەنجینە ئەمەریکا چەند سزایەکی بەسەر ڕووسیادا سەپاند

K24 - هەولێر

لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی گەنجینە ئەمەریکا فراوانکردنی لیستی ئەو سزایانەی بەسەر ڕووسیا سەپێنراوە ڕاگەیاند، سزاکانیش 29 کەس و زیاتر لە 250 کۆمپانیا و 16 کەشتیی ڕووسیا لەخۆ بگرێت.

لە بەیاننامەیەکەدا هاتووە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا هەنگاو دەنێت بۆ تێکدانی تواناکانی ڕووسیا، هەروەها بەردەوامە لە هەڵمەتی فرەلایەنە بۆ سنووردارکردنی داهاتەکانی کرێملین و دەستڕاگەیشتن بەو سەرچاوانەی کە پێویستیانە بۆ بەردەوامبوون لە شەڕ دژی ئۆکرانیا.

ئاماژە بەوەشکرد، گەمارۆی هەموو ئەو بنکە پیشەسازی و سەربازی ڕووسیا تایبەت بە بەرنامەکانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی و هەروەها کۆمپانیا و کەسانی وڵاتانی سێیەم کە هاوکاری ڕووسیا دەکەن، بۆ بەدەستهێنانی زانیارییە سەرەکییەکان چەک، دەکەن.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە لیستی ئەو کەس و لایەنانەی کردووە، کە لە پاکێجی سزا نوێیەکەدا هاتووە. لەوانە سەرۆکی دیزاینەری تانکی ئارماتای ​​ڕووسیا، ئەندرێ تێرلیکۆڤ، بەڕێوەبەری کارگەی ئۆتۆمبێلی ئۆڕال، پاڤێل یاکۆڤلێڤ، هێزەکانی پاراستنی تیشک و کیمیایی و بایۆلۆجی لە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، و هێڵی ئاسمانی پۆبێدای ڕووسیا.

جگە لە سێ کۆمپانیا لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، "کۆمپانیای بازرگانی گشتی بەیت خەلیجی"، GMM FZE، و GMM Management DMCC. 17  لە تورکیا تۆمارکراون، هەروەها لەگەڵ هەندێ کۆمپانیای دیکەش لە چین.

لە 24ـی شوباتی 2022ەوە، سووپای ڕووسیا دەستی بە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ئۆکرانیا کرد، لە بەرامبەردا وڵاتانی ڕۆژئاوا سزای توندیان بەسەر ڕووسیادا سەپاند، هەروەها لەبەرامبەردا وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا ملیارەها دۆلار پاڵپشتی سەربازیان بۆ ئۆکرانیا کرد.

لای خۆیەوە مۆسکۆ دووپاتی کردەوە ڕۆژئاوا ئەو بوێرییەی نییە، شکست بە ڕووسیا بێنت.

ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا پێشتر جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردن و لاوازکردنی ڕووسیا ستراتیژییەکی درێژخایەنە بۆ ڕۆژئاوا، و کاریگەریشی نابێت بۆ سەر ڕووسیا، چونکە ئەو سزانە گورزێکی ڕژدیان لە تەواوی ئابووریی جیهانی داوە.

Fly Erbil Advertisment